ئەنبار.. بازرگانان مانگی ڕەمەزانیان قۆستووەتەوە بۆ گرانکردنی بازاڕ

هەرچەندە ڕەمەزان مانگی ڕەحمەتە، بەڵام لەسەر هەژارانی پارێزگای ئەنبار بووەتە مانگی ناڕەحەتی، بەهۆی گرانی نرخەکانەوە ناتوانن پێداویسیتیەکانی ڕۆژانەیان بکڕن.
نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لە ئەنبار 20 هەزار دیناری تێ پەڕاندووە، نرخی سەوزە و میوەش بەشێوەیەکی بەرچاوە بەرز بووەتەوە.
هاووڵاتیەکی ئەنبار دەڵێت: چوومە ناو بازاڕ، بەڵام بەهۆی بەرزیی نرخەوە تەنانەت نەمتوانی کیلۆیەک تەماتە بکڕم.
هاووڵاتییەکی ئەنبار دەڵێت: ئەمڕۆ چوومە بازاڕ و بینیم هەموو شت گرانە، خەڵکی هەژار پارە لەکوێ بهێنێت؟ تەنانەت نەمتوانیوە کیلۆیەک تەماتە بکڕم، بەڕاستی دۆخەکە لەسەر هەژار زۆر قورسە.
دوکاندارێکیش گوتی: هەمووشت گرانە، نرخی گۆشت گەیشتووەتە سەروو 20 هەزار دینار، نرخی شتەکانی دیکەش هەر بەرزە، خەڵکی بێپارەیە، یەک ئەمپێری کارەبای موەلیدە 20 هەزار دینارە، خەڵک دێنە دوکانەکان و سەریان سوڕدەمێنێت لە گرانی نرخەکان، دۆخەکە تابڵێی قورسە.
پارێزگای ئەنبار لەڕووی هەژارییەوە پلەی چوارەمی عێراقی گرتووە، بەگوێرەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ڕێژەی هەژاریی لە ئەنبار سەدا 22ـی تێ پەڕاندووە.
ڕۆژانە دەیان کرێکار و حەمباڵ بەهیوای دەستکەوتنی کار لەماڵەکانیان دەردەچن، هیوادارن کارێکی سادەیان دەست بکەوێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی سەختی ئابووریان و گرانیی نرخی شتومەک لە ڕەمەزاندا.
سەباح جاسم، کەسایەتییەکی ئەنبارە و گوتی: نرخی کەلوپەل بەرزە و هەژار پێویستی بە هاوکارییە، بەرپرسان ئێوە لەکوێن، بازاڕ بۆ هەژار دەست نادات، نرخی گۆشتیش بەم ڕەمەزانە تەواو بەرزبووەتەوە، خەڵک ناتوانن بیکڕن.
دانیشتووانی پارێزگای ئەنبار هیواخوازن مانگی ڕەمەزان ببێتە دەستپێکێک بۆ باشتربوونی دۆخی ئابووریان، خەڵک داوای هەلیکار و چارەکردنی دەردی بێکاری لە پارێزگاکەیان دەکەن.