بارسێلۆنا هەنگاوێکی دیکە لە قۆناغی چارەکی کۆتایی نزیککەوتەوە

تیپی باسکەی بارسێلۆنا
تیپی باسکەی بارسێلۆنا

لە بەردوامی خولی باسکەی ئەوروپا، بارسێلۆنا شازدەیەمین بردنەوەی بەدەستهێنا و بۆ پلەی شەشەمی ریزبەندی پاڵەوانێتیەکە سەرکەوت و هەنگاوێکی دیکە لە گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی نزیککەوتەوە.
بارسێلۆنا دوای بردنەوەی گەڕی رابردوو بەرامبەر ئالبا بەرلین، ئەمجارەیان لە یاریگای خۆی پێشوازی لە پارتیزان بەلگرادی سڕبیا کرد. هەرچەندە چارەکی یەکەمی یارییەکە، یاریزانانی میوان باشتر دیار کەوتن و بردنەوەیان بەدەستهێنا، بەڵام نەیانتوانی چارەکەکانی دیکە پارێزگاری لە ئەنجامەکەیان بکەن.
یاریزانانی بارسێلۆنا چارەکی دووەمی یارییەکە باشتر دەرکەوتن و توانیان قەرەبووی چارەکی یەکەم بکەنەوە و لە کۆتاییدا توانیان یارییەکە، بە ئەنجامی 87 خاڵ بەرامبەر 80 خاڵ، لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
بەم شێوەیە بارسێلۆنا شازدەیەمین بردنەوەی ئەم وەرزەی بەدەستهێنا و بۆ پلەی شەشەمی ریزبەندی سەرکەوت، لە بەرامبەردا پارتیزان بەلگراد تووشی چواردەیەمین دۆڕان بوو و لە پلەی دەیەمی ریزبەندی دێت.