لامین یامال لەسەر مووچەکەی تووشی کێشە دەبێت

لامین یامال هێرشبەرە لاوەکەی یانەی بارسێلۆنا، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی لەم دوو ساڵەی رابردوو، بەرپرسانی یانەکەی ناچار کردووە بیر لەوە بکەنەوە، مووچەی ساڵانەی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن.
رۆژنامەی وەرزشی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، دوایینجار ساڵی 2023 بوو کاتێک گرێبەستی یامال بۆ ماوەی سێ ساڵ تاوەکو هاوینی 2026 نوێکرایەوە، ئەو کات بەهۆی ئەوەی ئەو یاریزانە تەنها تەمەنی 16 ساڵ بوو، یاساکان رێگەکان بە کارگێری بلاوگرانا نەدا، لە سێ ساڵ زیاتر گرێبەستەکەی نوێ بکرێتەوە.
نزیکەی ساڵێک لە گرێبەستی گەوهەرەکەی بلاوگرانا ماوە و بەرپرسانی یانەکەی، ماوەیەکە گفتوگۆکانیان لەگەڵ خۆرخێ مێندێز بەرێوەبەری کارەکانی دەست پێکردووە، سەرچاوە کەتەلۆنیەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە بارسا دەیەوێت مووچەکەی یاماڵ بە شێوەیەکی خەیاڵی زیاد بکات.
لامال ئێستا یەکێک لەو یاریزانانەی کە مووچەیەکی کەم وەردەگرێت، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکە مووچەکەی زیاد دەکرێت، بەڵام ئەوەی بۆ یانەکەی بووەتە کێشە، لەگەڵ زیاد کردنی مووچەی هەر یاریزانێک، دەبێت مووچەی یاریزانەکانی دیکەش دەستکاری بکرێت، بۆیە بابەتی مووچەی لامین یامال بۆ بەرپرسانی بارسێلۆنا بووەتە کێشە.