سوودانی خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ فەرەنسا دووپات دەکاتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگیی هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سەقامگیری وڵات و دوورکەوتنەوە لە گرژییەکان کردەوە.

شەممە 15ـی ئاداری 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.

بە پێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سوودانی، هه‌ردوولا له‌ میانی په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا هاوڕا بوون تیمێكی دووقۆڵی واده‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی ماكرۆن بۆ به‌غدا دیاریی بكه‌ن، هاوكات له‌باره‌ی به‌ستنی سێیه‌مین كۆنگره‌ی به‌غدا بۆ هاریكاری و هاوبه‌شیی گفتوگۆ بكه‌ن.

هەردوولا لەبارەی پرۆسەی سیاسیی سووریا هاوڕابوون و جەختیان لەوە کردەوە، کە دەبێت پرۆسەکە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنی وڵاتەکە بێت. هەروەها ئاماژەیان بە پێویستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پێکەوە کارکردن بۆ ئەم مەبەستە کردەوە.

سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە، ڕێککەوتن لەسەر هەماهەنگیی هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی زیاتر. سەرۆک وەزیرانی عێراق پابەندبوونی عێراقی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و زیادکردنی هاوکارییەکان لە ئاستە جیاجیاکاندا لەگەڵ فەرەنسا دووپات کردەوە.

لای خۆیەوە ماکرۆن جەختی لە ئامادەیی فەرەنسا بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر کردەوە. ڕەزامەندیشی نیشاندا بۆ پێکەوە کارکردن لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا.