بەم زووانە سەرتاسەری کوردستان ڕووناک دەکرێتەوە

پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە هەڵەبجە

پارێزگای هەڵەبجەش هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەشێک دەبێت لە پرۆژەی ڕووناکی و بەمزووانە پڕۆژەکە دەگاتە پارێزگاکە، وەک قۆناغی یەکەم لە ژمارەیەک گەڕەک جێبەجێ دەکریت و کارەباکانیان دەکرێت بە 24 کاتژمێری.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پرۆژەی گرنگیی خزمەتگوزاریی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خستووەتە جێبەجێکردن، لە نێویاندا کارەبای 24 کاتژمێری، کە بە پرۆژەی ڕووناکی ناسراوە، پرۆژەکە سەرەتا لە هەولێر جێبەجێ کرا دواتر گەیشتە هەر یەکە لە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و بەمزووانەش دەگاتە هەڵەبجە.

پرۆژەی ڕووناکی لە 21 گەڕەکی شاری هەولێر جێبەجێ کراوە

بۆ یەکەم جار پرۆژەی ڕووناکی لە گەڕەکی شادی شاری هەولێر جێبەجێ کرا، دوای ئەوەی دانیشتووانی گەڕەکەکە لێی سوودمەندبوون و لە پرۆژەکە زۆر ڕازی بوون، پرۆژەکە فراوانکرا و ئێستا لە 20ـی گەڕەکی دیکە جێبەجێ کراوە، کۆی ژمارەی هاوبەشان گەیشتووەتە نزیکەی 77 هەزار و 500 هاوبەش و نزیکەی 265 هەزار هاووڵاتی لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوونە.

پرۆژەکە هەر یەکە لە گەڕەکەکانی؛ زانیاری، تەعجیل، عەرەبان، منارە، شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی، نیشتیمان، ڕاپەڕین، نەورۆز و ماردین، جێبەجێ کراون.

21 گەڕەکی شاری هەولێر کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و کۆی گشتیی سوودمەندبووانیش لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پرۆژەکە نزیکەی 100 هەزار هاوبەشە و بڕیارە تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بن.

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕایگەیاند "بە هۆی پرۆژەی ڕووناکییەوە نزیکەی 400 مۆلیدەی ئەهلی لە نێو گەڕەکەکانی هەولێر کوژێنراونەتەوە."

پرۆژەی ڕووناکی لە سێ گەڕەکی سەنتەری شاری دهۆک جێبەجێ دەکرێت

چوارشەممە 12ـی ئاداری 2025، ئەردەلان دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند ، بەمزووانە پرۆژەکە لە سێ گەڕەکی سەنتەری شارەکەش جێبەجێ دەکرێت."

ئەردەلان دۆسکی باسی لەوەش کرد "بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی، ئێستە تیمەکانی وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی پشکنین و دانانی میتەرن بۆ زیاتر لە 11 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەر سێ گەڕەکی (سەرهەلدان، بەڕۆشکێ و کانی مەهمەدکی)ـی شاری دهۆک و تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە کارەبای ئەو سێ گەڕەکە دەبێتە 24 کاتژمێری."

یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پرۆژەکە لە پارێزگای دهۆکیش جێبەجێ دەکرێت و  ئەوانەی بەشداریی پرۆژەکەن، لە هەمووان باشتر دەزانن کە هەرزانترین و بێ کێشەترین پرۆژەیە.

پارێزگاری دهۆک دەڵێت: لەوانە بپرسن کە کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابینکراوە، پێشتر چەند پارەی کارەبای موەلیدەیان دەدا، ئێستا چەند پارە دەدەن، لەگەڵ ئەوەی پرۆژەکە زۆر بێ کێشەتر و چاکترە، هاووڵاتییان دەزانن پرۆژەی ڕووناکی لە بەرژەوەندیی ئەواندایە، کە جێبەجێش دەبێت باشتر دەزانن پرۆژەکە زۆر لە بەرژەوەندی ئەواندایە.

هەینی 21ـی شوباتی 2025، حازم محەممەد عوسمان، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، بە کوردستان24ـی گوت: سەرەتا پرۆژەی ڕووناکی لە هەولێر جێبەجێ کرا و پرۆژەکە زۆر سەرکەوتوبوو، بۆیە بەم زووانە لە دهۆکیش جێبەجێ دەکرێت.

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرانسەری پارێزگای دهۆک 350 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، ئامادەکارییان بۆ پڕۆژەکە لە سەنتەری دهۆک دەستی پێکردووە و دواتریش لە ناوچەکانی دەوروبەر جێبەجێ دەکرێت.

پرۆژەی ڕووناکی لە ژمارەیەک گەڕەکی شاری سلێمانی جێبەجێ دەکرێت

6ـی ئاداری 2025، وەزارەتی کارەبای، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەزارەتی کارەبا وەک قۆناغێکی ئەزموونی، لە ڕێگای پرۆژەی ڕووناکی هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ بازاڕی سلێمانی و بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی وەکوو "ئیبراهیم پاشا، سابوونکەران، دارۆغا، حاجی حان، مەولەوی، جادەی ئۆرزی، سەلیم بەگ و خانەقا"، کە زیاتر لە نۆ هەزار هاوبەشی کارەبای لەخۆگرتووە.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر 21 لە گەڕەکی شاری هەولێر کارەبای 24 کاتژمێرییان لەلایەن پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابین کراوە و بەم شێوەیە بە کۆی گشتی، نزیکەی 100 هەزار هاوبەش سوودمەند دەبن لەم خزمەتگوزارییە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا.

 پرۆژەی ڕووناکی لە چالاکییەکانی بەردەوامە و بەم زووانە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ کۆمەڵێک گەڕەکی دیکە لە هەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دابین دەکات و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری.

سوودەکانی پرۆژەی ڕووناکی

1. كارەبایەكی 24 كاتژمێریی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان زامن دەكات و بە شێوەیەکی ڕیشەیی كێشەی كارەبا چارە دەکات.

2. نرخەكەی بەگوێرەی پێوەرە جیهانییەكان و بە ڕەچاوكردنی داهاتی تاكەكەسی دانراوە و گونجاوە.

3. ڕەچاوی ئەو هاووڵاتی و خێزانە كەمدەرامەت و هەژار و چینی مامناوەند دەكرێت كە (وات- ئەمپێر)ی كەمتر خەرج دەكەن.

4. كەمكردنەوەی پاڵپشتی كرێی كارەبای نیشتمانی بڕە داهاتێكی باشتر زامن دەكات بۆ ڕێكخستن و باشكردنی تۆڕی كارەبای نیشتمانی و پەرەپێدانی.

5. دووكەڵ و ژاوەژاوی مۆلیدە ئەهلییەكان ناهێڵێت كە بۆ پیسبوونی ژینگە و نەخۆشی شێرپەنجە مەترسی ڕادەبەدەریان هەیە.

6. بڕی كارەبا بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دەگەیەنێتە هاووڵاتییان و سەرپێچییەكان كەم دەكاتەوە.

7.  تێچووی زیاد لە بەكارهێنانی كارەبا كەم دەكاتەوە و تەمەنی ئامێرەكان دەپارێزێت. هاوکات سەلامەتی خەڵك و ماڵەكان لە ئاگركەوتنەوە زۆر كەم دەكاتەوە، ئەمەش كاتێك گڵۆپ و ئامێرە كارەباییەكان بە هۆشیاری و كەمتر بەكاردەهێنرێن

17ـی تشرینی یەکەمی 2024 بۆ یەکەم جار لە هەرێمی کوردستان پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیەنرا

لەسەر فەرمانى مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست كراوە بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە و بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا سەرجەم دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ببنە خاوەن كارەبای 24 کاتژمێری.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.