لە بەندەری ئوم قەسر دەست بەسەر شەش پاسدا گیراوە کە ڕێگە پێدراو نەبوونە بۆ هاوردەکردن

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر شەش پاسی گەورەدا گرتووە، کە مۆدێلەکانیان ڕێگە پێدراو نییە بۆ هاوردەکردن.
عەلا قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنووریەکانی عێراق بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند "دەستبەسەرداگرتنی ئەو پاسانە بەهۆی وەرگرتنی ئەو زانیارییانە بووە کە دەستەکە پێی گەیشتووە، کە شەش پاسی جۆری 'سێترا' مامەڵەکانیان لە ناوەندی گومرگیی ئوم قەسر تەواو بووە و هیناویانەتە ناو عێراق."
قەیسی، ئاماژەی بەوەش کرد "دوای ئەوەی پشکنین و لێکۆڵینەوە کرا، دەرکەوتووە کە دەستکاریی مۆدێلی ئەم پاسانە کراوە، بەو پێیەی لە خوار ئەو مۆدێلەوە بووە کە ڕێگەپێدراوە بۆ هاوردەکردن." دەشڵێت، "ڕاپۆرتی دەستبەسەرداگرتنی فەرمی ئامادە کراوە و ئاراستەی بنکەی پۆلیس کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی پێویست بگرێتەبەر."