لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست عێراق پلەی یەکەمی گرتووە لە هاوردەکردنی برنجی ئەمەریکایی

وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، عێراق و سعوودیە و ئوردن، گەورەترین بازاڕی هاوردەکردنی برنجی ئەمەریکایین، ئەمەش لەکاتێکدایە کە کێبڕکێیەکی بەهێز لە نێوان ئاسیا و ئەمەریکای باشوور هەیە بۆ دابین کردنی برنج.

وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە "لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و ئێران و سعوودیە و ئیمارات، سێیەم ناوچەی هاوردەکردنی برنجن لە جیهاندا." ئاماژەی بەوەش داوە "عێراق و سعوودیە و ئوردن، سێ وڵاتی سەرەکین بۆ هاوردەکردنی برنجی ئەمەریکایی."

ڕوونیشی کردەوە "عێراق ساڵانە 111 هەزار تۆن برنجی ئەمەریکایی بۆ ساڵی 2023 و 2024، هاوردە کردووە، دوای ئەویش سعوودیە بە 100 هەزار تۆنی ساڵانە پلەی دووەمی گرتووە، دواتر ئوردن بە 64 هەزار تۆن دێت."

لە راپۆرتەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمەریکادا هاتووە "ئەمەریکا لە بازاڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی کێبڕکێیەکی بەهێز دەبێتەوە، بۆ دابینکردنی برنج بەتایبەتی لە تایلەند و هیندستان."

باسی لەوەش کردووە "بەرهەمهێنانی برنجی ئەمەریکایی لە ساڵی 2023دا گەیشتووەتە3 ملیۆن و 486 هەزار تۆن؛ هەرچەندە تەنها 2%ی بەرهەمی جیهانی پێک دەهێنێت، بەڵام هەناردەی ئەمەریکا 5%ی کۆی هەناردەکردنی برنجی جیهانی پێک دەهێنێت."