بەشێکی جووتیارانی سلێمانی بڕیاریان داوە ساڵی داهاتوو کاڵەک نەچێنن
کاڵەک زۆر هەرزانە و لە بازاڕ بۆیان ساغ نابێتەوە
K24 - سلێمانی
بەھۆی بێ بازاڕی، بەشێکی بەرھەمی جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی پارە ناکات یەکێک لەو بەرهەمانە کاڵەکە، بۆیە جووتیاران نیگەرانن و بەشێکیان بڕیاریان داوە ساڵی داهاتوو کاڵەک نەچێنن.
کاوە محەمەد، جووتیارە و خۆی لە سلێمانی کاڵەک دەفرۆشێت، حەوت کاتژمێر بەدیار بەرھەمەکانی وەستاوە بێ ئەوەی کڕیارێک پێی بڵێت: "کاڵەک بەچەندە؟".
کاوە دەڵێ ھیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵ زەرەرمەند نەبووە. ئەو، نیگەرانە لە بێ بازاڕی و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەگەر بارهەڵگرە پڕ لە کاڵەکەکەشی پارە بکات، 80 بۆ 100 ھەزار دینار زیاتری بۆ ناکات.
تەنھا کاوە نییە، کە لەسەرە وەستاوە تاوەکو بەرھەمەکەی ساغبکاتەوە، بەڵکو دەیان جووتیار بەسەرە وەستاون تاوەکو بتوانن ئەو کاڵەکەی کۆیانکردووەتەوە، بەزوویی بفرۆشن، بەڵام چۆن فرۆشتێنک کە لەبری قازانج زیانیان پێبگات.
ئێستا لە بازاڕەکان، کلیۆیەک کاڵەک 100 بۆ 150 دینار زیاتر بۆ جووتیاران ناکات. بەڕێوەبەرایەتیی کشتووکاڵ ئەگەرچی ھەوڵی بەباڕزارکردن دەدات، بەڵام زۆری بەرھەمەکان وایکردووە کاڵەک کەمترین پارە بکات.
بەشێکی جووتیاران، ئەوانەی قسەیان بۆ کوردستان24 کردووە، نایشارنەوە ئەگەر دۆخی ساڵی داھاتووش وەکو ئەمساڵ بێت و بەبازاڕکردن بۆ بەرهەمەکەیان نەبێت، ناچارن دەست لە کارەکەیان ھەڵگرن و بەھیچ شێوەک کاڵەک نەچێنن.
هـ.ر.