ئانچێلۆتی دوو هەفتەی لە بەردەمە بۆ ئەوەی کێشەکانی چارەسەر بکات

رەنگە زۆرێک لە راهێنەر و یانەکانی جیهان، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ فیفا دەی واتە یاری هەڵبژاردەکان نەبێت، بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی وەستانی خولەکان و هەروەها پێکان و ماندووبوونی یاریزانەکانیان، بەڵام فیفا دەی ئەمجارەیان دەرفەتێکە بۆ ئەوەی، کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، کێشەکانی تیپەکەی چارەسەر بکات.
بەهۆی بەڕێوەچوونی یارییە نێودەوڵەتیەکان، تاوەکو کۆتاییەکانی ئەم مانگە خول و جام و پاڵەوانێتیەکانی نێوخۆیی بە تایبەت لە پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا دەوەستن. بەم هۆیەوە راهێنەرە یانە شاهانەکە دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمە، بۆ ئەوەی لەو ماوەیە کێشەکانی تیپەکەی چارەسەر بکات.
یەکێک لە کێشەکانی کارلیتۆ ئەوەیە تاوەکو ئێستا کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر هەردوو ئەستێرەی یانەکەی، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ یەکتری نیە، وەستانی یارییەکانیش دەرفەتێکە بۆ راهێنەرە ئیتاڵیەکەی، بۆ ئەوەی پێش گەڕانەوەی ئەو دوو یاریزانە، پلانێک دابرێژێت بۆ نزیککەوتنەوەیان لە یەکتری.
پێکانی بەشێک لە یاریزانەکان بە تایبەت دانی سێبایۆس کە نەبوونی لەو ماوەیە لە یاریگاکان، کاریگەر لەسەر ئاستی یانە ئیسپانیەکە دروستکردووە، ئەو یاریزانە تاوەکو کۆتایی یارییە نیشتیمانییەکان ناتوانێت بگەڕێتەوە، رەنگە لەگەڵ کۆتایی هاتنی یارییە نێودەوڵەتیەکان ئەو یاریزانەش بگەڕێتەوە، بۆیە ئەمەش کێشەیەکی گەورەی راهێنەرە ئیتاڵیەکە چارەسەر دەکات.
کارلۆ ئانچێلۆتی لەو ماوەیە دەبێت بە وردی چاودێری یاریزانەکانی بکات، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندیان بە هەڵبژاردەی وڵاتەکانیانەوە کردووە، لەبەر ئەوەی زۆرجار کە یاریزانەکان دەگەڕێنەوە یانەکەیان، دەردەکەوێت کێشیان زیاد بووە.