جموجووڵی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ڕاوەستا

بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەروازەی سنووریی نێودوەڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لەسەر پەککەوتنی جموجووڵی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەکە ڕوونکردنەوە دەدات و ڕایگەیاندووە، کێشەکە تەکنیکییە و گرفتەکە لە لایەنی تورکیاوەیە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، کە ئەمڕۆ 18ی ئاداری 2025، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە سیستەمی بەشی پاسپۆرت لەلایەن ئیدارەی سنووری تورکیاوە، گرفت بۆ هاووڵاتییانی هەڵگری پاسپۆرتی تورکی دروست بووە، هەربۆیە هاتن و چوونی گەشتیاری و بازرگانیی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان پەکی کەوتووە و کێشە دروست بووە.
هەروەها ئاماژەی داوە، سەرپەرشتی کۆمەڵگەی دەورازەی ئیبراهیم خەلیل، سەردانی دەروازەی خاپووری کردووە و لە هەماهەنگی بەردەوامە بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەم کێشەیەی چارە بکرێت و جموجووڵی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەکە ئاسایی ببێتەوە.