زیندانییه‌ك له‌ كه‌لار به‌ كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستدا

له‌ زیندان بووه‌

K24 – گه‌رمیان:

له‌ گرتووخانه‌ی كه‌لار، ده‌ستگیركراوێك، كه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، گیانی له‌ده‌ستدا.

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ گه‌رمیان رایگه‌یاند، ئه‌و كه‌سی گیانی له‌ده‌ستداوه‌ خه‌ڵكی قه‌زای كفرییه‌ و تا ئه‌مڕۆ له‌ گه‌رمیان 43 كه‌س به‌ هۆی تووشبوونیان به‌ كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. 

له‌ باره‌ی ره‌وشی زیندانه‌كانه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی زیندانه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی به‌غدا، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا، كۆمیسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق هۆشداری دا و رایگه‌یاند، به‌ هۆی كۆرۆناوه‌ ئه‌گه‌ری روودانی كاره‌ساتێكی مرۆیی له‌ زیندانه‌كانی عێراق له‌ ئارادایه‌.

ئه‌ندامی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنه‌كه‌، "ثامر شه‌ممه‌ری" رایگه‌یاند، پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق و لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان به‌ په‌له‌ كارێك بكه‌ن و رێككاری خۆپارێزی ته‌ندروستی پێویست له‌ ناوه‌نده‌كانی راگرتن و زیندانه‌كانی عێراق بگرنه‌ به‌ر. 

گوتیشی: به‌ گوێره‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ی تیمی كۆمیسیۆنه‌كه‌مان ئاماده‌ی كردوون، له‌ زیندانه‌كانی عێراق كۆرۆنا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و كاره‌ساتێكی مرۆیی چاوه‌ڕێیان ده‌كات.

ئه‌م هۆشدارییه‌ی كۆمیسیۆن دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ رۆژێك پێشتر، به‌ڕێوبه‌ری ته‌ندروستی كه‌رخ، له‌ شاری به‌غدا، "جاسب حجامی" داوایكرد، ئه‌و زیندانیانه‌ ئازاد بكرێن، كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ درووست ناكه‌ن.

حجامی له‌ تویتێكدا نووسیبووی: به‌ روانین بۆ تۆماركردنی به‌رده‌وامی تووشبووانی كۆرۆنا له‌ زیندانه‌كاندا، پێشنیاز ده‌كه‌م، كاربه‌ده‌ستدان بڕیار بده‌ن، به‌ كه‌فاله‌ت هه‌موو ئه‌و زیندانیانه‌ ئازاد بكرێن، كه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ درووست ناكه‌ن.

پێشتریش، كۆمیسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق، رۆژی 11ی حوزه‌یرانی رابردوو، نیگه‌رانی له‌ باره‌ی ره‌وشی ته‌ندروستی زیندانه‌كانی عێراق ده‌ربڕی بوو. هه‌روه‌ها هۆشداری دابوو، له‌وه‌ی زیندانه‌كان ببنه‌ سه‌رچاوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق بڕیاری دا، 16 هه‌زار تۆمه‌تبار و 1000 سزادراو و 50 كه‌یسی كه‌تن له‌ زیندانه‌كان ئازاد بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی بارگرانی له‌سه‌ر زیندانه‌كان درووست نه‌بێت.