پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدان

شاندی باڵای پارتی و یەکێتی، بۆ گفتوگۆکردن بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدان.
سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بارەگەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر، دەستی پێکرد و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەش پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتە.
هۆشیار زێباری سەرۆکایەتیی شاندی پارتی دەکات و هەر یەکە لە پشتیوان سادق و دڵشاد شەهابیش ئەندامی شاندەکەن، قوباد تاڵەبانی، سەرۆکایەتیی شاندی یەکێتی دەکات و دەرباز کۆسرەت و ڕێواز فایەقیش ئەندامی شاندەکەن.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی، دوای دیدار و کۆبوونەکەی ڕۆژی یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دێت، کە دوای کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی "ئەمڕۆ پێشوازیمان لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی کرد و گفتوگۆمان لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد."
هاوکات گوتبووی: هەردوولامان کۆبوونەوەکانمان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و هاوڕابووین لە سەر گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار.
هەروەها کۆتا کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی چوارشەممە 26ـی شوباتی 2025، بوو، کە درێژکراوەی کۆبوونەوەی پێشووتر بوو کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو بوو، لە کۆبوونەوەکەداڕەشنووسێکی 15 لاپەڕە ئامادەکرابوو کە بنەما بێت بۆ کاری هاوبەش و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.