ئاوات شێخ جەناب: نابێت لە هیچ بانکێک گرفت بۆ هاووڵاتییان دروست بکرێت

وەزیری دارایی، جەختی لە لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم بانکەکان کردەوە و گوتی: نابێت لە هیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ هاووڵاتییان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت.

سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان، دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوەبەری بانکەکان و گەنجینەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی جەختی لە لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم بانکەکان کردەوە.

هاوکات بڕیاری دا کە نابێت لە هیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ هاووڵاتییان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت، بە پێچەوانەوە هەر کێشەیەکی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان دروست بکرێت لێپێچینەوە یاسایی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان دەکرێت. 

جەختی لەوەش کردەوە، نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاووڵاتییان بکرێت، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.                                        

هاوکات لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە بڕیاردرا، کە بە هیچ جۆرێک نابێت لە ژێر هیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێنرێت.

گوتیشی: بڕیارەکان جێبەجێ دەکەین و کەمتەرخەمی و چاوپۆشی لە هیچ بانکێک قبووڵ ناکەن.