سبەینێ مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: سبەینێ چوارشەممە مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت.
سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا، دەڵێت: سبەینێ چوارشەممە، مووچەی مانگی شووباتی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و مووچەی مانگی شوباتی ساڵی 2025 و کرێی وانەبێژی مانگی ئابی ساڵی 2024ـی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک دابەش دەکرێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەر هەمان ڕۆژ، مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025ـی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، کە سەرجەمیان تەمویلیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.
ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لەهەرێمی کوردستان نزیکەی 38 هەزار مامۆستایە و کۆی مووچەی مانگانەیان نزیکەی 19 ملیار دینارە، مووچەی مانگانەی هەر گرێبەستێک لەنێوان 400 - 500 هەزارە دینارە.