كۆمپانیایەكی ئەمەریكی چارەسەرێكی گونجاو بۆ نەھێشتنی قەیرانی كارەبا لە عێراق دەخاتەڕوو
باس لە کۆتایی هێنان بە کێشەی کارەبا دەکات
K24- هەولێر:
كۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلیكتریكی ئەمریكی تایبەت بە بەرھەمھێنانی وزە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لەگەڵ عێراق تاوتوێی پرسی چارەسەركردنی كێشەی كارەبا كراوە و كۆمپانیاكە چەند چارەسەرێكی خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی كێشەی كارەبا لە وڵاتەكە بە یەكجاری نەمێنێت.
کۆمپانیاکە ئەوەشی خستەڕوو، چارەسەرەكەش ئامادەیە و خۆی لە دروستكردنی وێستگەی وزەی نوێ دەگرێتەوە و تەنیا پێویستی بەوە ھەیە كە بەھەماھەنگی دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژە نوێیەكانی تایبەت بەو كەرتە بكرێت و بۆی ھەیە بەرھەمھێنان تەنها لە ماوەی 3 بۆ 4 ھەفتەدا بەرێژەی %15 زیادبكات.
جەنەڕاڵ ئەلیكتریك راشیگەیاند، كەمی وزە بە یەكێك لە گەورەترین تەحەداكانی رۆژانە دادەندرێت و نزیكەی 40 ملیۆن كەس لە عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بە تایبەتی لە وەرزی ھاوین و پڕكردنی پێداویستی كارەبا بە یەكێك لە سەرەكیترین ھۆكارەكان دادندرێت كە لە رێگەیەوە پاڵپشتی گەشەی ئابووری وڵات بكرێت.
ئەو کۆمپانیایە خاوەنی یەکێک گەورەترین وێستگەکانی کارەبای عێراق کە بە بێسمایە پاوەر پلانت ناسراوە.
H.J