کارەبای 24 کاتژمێری بۆ گەڕەکی سەرهەڵدان لە دهۆک دابین دەکرێت

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە کارەبای گەڕەکی سەرهەڵدان لە شاری دهۆک بکرێتە 24 کاتژمێری، گەڕەکەکە 9 هەزار هاوبەشی کارەبا لەخۆ دەگرێت.

هاووڵاتییانی شاری دهۆک بە پرۆژی ڕووناکی دڵخۆشن کە دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری. لەلایەکی دیکەوە سەڵاح سندوری، شارەزای بواری ژینگە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆژەکە دەبێتە هۆی ئەوەی موەلیدەکان بکوژێندرێنەوە و ژینگەی شارە پاک ببێتەوە.

وا بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە کارەبای گەڕەکی سەرهەڵدان لە شاری دهۆک بکرێتە 24 کاتژمێری، کە 9 هەزار هاوبەشی کارەبا لە گەڕەکەکە سوودمەند دەبن لە پرۆژەکە.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پرۆژەی گرنگیی خزمەتگوزاریی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خستووەتە جێبەجێکردن، لە نێویاندا کارەبای 24 کاتژمێری، کە بە پرۆژەی ڕووناکی ناسراوە، پرۆژەکە سەرەتا لە هەولێر جێبەجێ کرا دواتر گەیشتە هەر یەکە لە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و بەمزووانەش دەگاتە هەڵەبجە.

لەسەر فەرمانى مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست كراوە بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە و بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا سەرجەم دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ببنە خاوەن كارەبای 24 کاتژمێری.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.