ئاری ئەحمەد: گۆڕانی کەشوهەوا ئاوی کوردستانی کەم کردووە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: گۆڕانەکانی کەشوهەوا، کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە، سەرباری هەموو ئەو هەوڵانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبوونەوەی، دەیدات.
شەممە 22ـی ئاداری 2025، ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە کاتێکدا ئەمڕۆ 22ـی ئادار، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە لە مەترسی توانەوەی بەستەڵەکەکان بەهۆی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی نەرێنی کەشوهەوا، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان دوور نەبووین لەو گۆڕان و مەترسییانە."
لە پەیامێکی تایبەتدا کە لەڕۆژی جیهانی ئاودا بڵاویان کردووەتەوە و ئاراستەی خەڵکی کوردستانیان کردووە، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ دەڵێت: گۆڕانە نەرێییەکانی کەشوهەوا، کاریگەریی لەسەر وشکە ساڵی و کەمیی باران و لافاو و تێکچوونی کوالێتی ئاو و کەمبونەوەی ڕێژەی تێکڕای باران و کەمبوونەوەی ساڵ بەساڵ و بەتایبەت لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکانی 40 ساڵی ڕابردوودا هەبووە، لەگەڵ کەمبوونەوەی بەفری چیاکان و ئاوی ژێر زەوی و ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکان.
دەشڵێت: تێکچوونی کوالێتی بەشێک لە ڕێرەوە ئاوییەکان بە هۆکارە ژینگەیی و مرۆییەکان، وەک ڕژانی ئاوەڕۆی شار و شارۆچکەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ بۆ ناو سەرچاوە ئاوییەکان، دەگەڕێتەوە؛ لەگەڵ دەستکاریکردنی ڕێرەوە ئاوییەکان بە تایبەت دروست کردنی ژمارەیەکی زۆر بەنداو یان گۆڕینی ڕێرەوە ئاوییەکان، کاریگەری نەرێنی زۆریان لەسەر ژیان و ژینگەی خوارەوەی ڕووبارەکان هەبووە.
ئاری ئەحمەد قادر، ئاماژە بەوە دەکات، فراوانبوونی ئاوەدانی بەشێوەیەکی بەرچاو کە بەشێکی بە بێپلان بووە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو و ڕێرەو و ڕووبارەکان و شوێنەکانی نوێ بوونەوەی ئاوی ژێرزەوی و ڕشتنی ڕاستەوخۆی ئاوەڕۆکان بۆ سەرچاوە و ڕێڕەوەکان هەبووە، لەگەڵ بەکارهێنانی زۆر و زیاتر لە ڕێپێدراو بۆ سەرچاوەی ئاوە شیرینەکان بۆ مەبەستی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بەکارهێنانە مرۆییەکان.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی ڕژدی داوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا، یەک لەو پرۆژە ستراتیژیانەش پرۆژەی فریاگوزاری خێرایی ئاوی هەولێرە کە هەزاران کرێکار بە سێ شەفت کاری تێدا دەکەن و تا ئێستا سەدا 27ـی پرۆژەکە جێبەجێ کراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە دووساڵی کۆتایی کابینەی نۆیەمدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان شەش بەنداوی دروستکردووە، 45 پۆندیش دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە، نزیکە 9 پۆند کارەکانیان تەواو بووە".
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ڕاگەیاند" بە جێبەجێکردنی پرۆژەی فریاگوزاری خێرایی ئاوی هەولێر، کێشەی بێئاوی تا 30ساڵ لەهەولێر نامێنێت.
لەهەشتی ئەیلوولی 2024 ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاری خێرایی ئاوی هەولێری دانا، ئەم پرۆژەیە بەیەکێک لەپرۆژە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم دادەندرێت.