عێراق پلانی هەیە ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنێتە شەش ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە

یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پلانیان داناوە تاوەکوو 2029 ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەننە شەش ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتنیان لەگەڵ کۆمپانیای 'بی پی' بەریتانی بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوت لە کەرکووک.
باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند "وەزارەتی نەوت هەوڵ دەدات توانای بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لە چوارچێوەی پلانێکی پێنج ساڵەدا زیاد بکات." گوتیشی: ئامانجیان ئەوەیە لە نێوان ساڵانی 2028 بۆ 2029 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ڕۆژانە بگاتە شەش ملیۆن بەرمیل و زیاتریش.
ڕوونیشی کردەوە "وەزارەت کار بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە دەکات، لەڕێگەی پڕۆژەیەک کە سەرجەم پارێزگاکان دەگرێتەوە؛ سوودمەندبووانی ئەو چالاکییەش کۆمپانیاکانی گەڕان بۆ نەوت و ئەوانەی کارەکانی هەڵکەندن و بەرهەمهێنان لە کێڵگەکاندا لەڕێگەی خولی مۆڵەتپێدانەوە دەکەن."
ئاماژەی بەوەش کردووە "یەکێک لە دیارترین پڕۆژەکانی ئێستای کەرتی دەرهێنان، بریتییە لە پڕۆژەی پەرەپێدانی دەرهێنانی غاز لە کێڵگەی ئارتاوی لە باشوور، جگە لە پرۆژەکانی دیکە، لەوانە، پڕۆژەی پەرەپێدانی چوار کێڵگەکەی نەوت لە کەرکووک، کە ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆمی بەریتانی ئیمزا بکرێت."