ئێوارە خوانێک بووە هۆکاری دوورخستنەوەی مۆتا

تیاگۆ مۆتا راهێنەری پێشووی یانەی یوڤێنتوس
تیاگۆ مۆتا راهێنەری پێشووی یانەی یوڤێنتوس

تیاگۆ مۆتا راهێنەری یانەی یوڤێنتوس، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لە شوێنی ئەو، ئیگۆر تودۆر وەکو راهێنەری خانمە پیرەکە، تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە دیاریکرا.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو بەرپرسانی یانەی یوڤێنتوس، ئێوارە خوانێکیان لەگەڵ تیاگۆ مۆتا راهێنەری یانەکەیان رێکخست، سەرەتا بڕیاربوو لەو ئێوارە خوانە هەندێک باس لەسەر ئەنجام و ئاستە لاوازەکانی ئەم وەرزە بکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا بووە هۆی دەرکردنی راهێنەرەکە.
رۆژنامەی وەرزشی توتۆسپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، مائوریتزیۆ سکاناوینۆ سەرۆکی یانەی یوڤێنتوس و کریستیانۆ جونتولی بەرێوەبەری وەرزشی یانەکە بڕیاریاندا لەگەڵ راهێنەری یانەکەیان لە ئێوارە خوانێکدا باس لە کێشەکان بکەن، بەڵام دانیشتنەکە گرژی تێکەوت و لە کۆتاییدا بووە هۆی ئەوەی، بڕیاری دوورخستنی راهێنەرەکەیان بدەن. گرژییەکەش لە نێوان جونتولی و مۆتا دروست بوو.
دوای دەرکردنی مۆتا و دەستنیشانکردنی ئیگۆر تودۆر، بەشێک لە هاندەرانی خانمە پیرەکە پێانوایە ئەم بڕیارە لە کاتی خۆی نەبووە و دەبوایە زیاتر دەرفەت بە راهێنەرەکەیان بدرێت، لە هەمان کاتدا بەشێکی دیکەی هاندەرانی بیانکۆنێری، پێیانوایە ئەم بڕیارە لە کاتێکی گونجاو بووە.