مەیدانی ئاژەڵان لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی ڕەمەزان جمەی دێت

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزان و قوربان جووڵە دەکەوێتە مەیدانی ئاژەڵان و خواست لەسەر گۆشت زیاد دەبێت.

دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، محیەددین بایز خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژن بازاڕی مەڕ و ماڵات و ئاژەڵ بەگشتیی گەرم بووە، بەڵام گۆڕانکاری لە نرخەکان ڕووی نەداوە.

محیەددین خەیلانی، باسی لەوەش کرد، هەرچەندە خواست لەسەر گۆشت هەیە، بەهۆی جەژنەوە، بەڵام وەک ساڵی ڕابردوو نییە، چونکە باران کەم باریوە و ئالیکیش گرانە ئەمانە هۆکاری سەرەکین بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئاژەڵ و بە تایبەتی ئاژەڵی خۆماڵی.

لەلای خۆیەوە، ڕێباز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە گشتیی لە جیهان نرخی ئالیک و گۆشت بەرزبووەتەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر گرانبوونی ئاژەڵ دروست دەکات.

نرخی ئاژەڵ بەم شێوەیە؛ گۆلک کیلۆی لەنێوان شەش بۆ حەفت هەزار دینارە، بەرخی یەک ساڵە لەنێوان هەشت هەزار بۆ نۆ هەزارە.

لە چەندین وڵاتەوە ئاژەڵ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بە تایبەتی لە، سووریا، ئێران، تورکیا، لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپی.