ناسنامەی چوارگۆشەی زێرینی جامی كوردستان بەدیار كەوت
كاتی یارییەكانی پێشكۆتایی جامی كوردستان ئاشكرا دەبێت

لە دوایین یاریی چارەكی كۆتایی جامی هەرێمی كوردستان، یانەی كفری بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو شكستی بە پێشمەرگەی هەولێر هێنا و بلیتی قۆناغی چوارگۆشەی زێرینی بڕی، بەمەش ناسنامەی یارییەكانی پێشكۆتایی جامی كوردستان بە دیار كەوت.
ئەمڕۆ دووشەممە لە یاریی چارەكی كۆتایی جامی كوردستان، یانەی كفری میوانداریی پێشمەرگەی هەولێری كرد، یارییەكەش بە تاكە گۆڵێك لە بەرژەوەندی كفری كۆتایی هات، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەم وەرزە كفری لە خانەی پێشكۆتایی ریزبەندی خولی پلەیەكی كوردستان دێت، لە بەرامبەردا پێشمەرگەی هەولێر ركابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان دەكات.
لە لایەكی دیكەیشەوە، بەهۆی كشانەوەی یانەكانی چەمچەماڵ و برایەتی، راستەوخۆ یانەكانی ئاكرێ و زاخۆ بۆ قۆناغی چوارگۆشەی زێرینی جامی كوردستان سەركەوتن. بەمەش رۆژی 1/5/2025 لە قۆناغی پێشكۆتایی جامی كوردستان زاخۆ و كفری رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، یانەكانی ئاكرێ و هەندرێنیش بەیەك دەگەن.
