ئەو هەڵەیەی درێسی ئینگڵاند چی بوو کەم کەس هەستی پێکرد؟

هاری کەین هێرشبەری هەڵبژاردەی ئینگلاند
هاری کەین هێرشبەری هەڵبژاردەی ئینگلاند

هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئینگڵاند لە یەکەم یاری بە راهێنەرایەتی توماس توخێلی ئەڵمانی، توانی لە گەڕی یەکەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 لە هەڵبژاردەی ئەڵبانیا بباتەوە، بەڵام لەم یارییە ژمارەی پێشەوەی درێسی یاریزانانی سێ شێرەکان، بە هەڵە چاپکرا بوو و چەند هاندەرێکی ئەو هەڵبژاردەیە بەم هەڵەیەیان زانی.

نوسینی ژمارەی پێشەوەی درێسی یاریزانانی ئارەزوومەندانەیە، بەڵام سێ شێرەکان ساڵانێکی زۆرە ئەو ژمارەیە لە ناوەڕاستی درێسەکە دەنوسن، کەچی لە یارییەکەی بەرامبەر ئەڵبانیا ئەو ژمارانە لەلای راست و لەژێر لۆگۆی نایکی نوسرابوو، ئەمەش هەڵەیەکی تەکنیکی بوو و ژمارەیەکی کەم لە هاندەران بەم هەڵەیەیان زانی.

دوای یارییەکە پێت فراست سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەی ئینگڵاند کە بەرپرسە لە ئامادە کردنی هەموو کەل و پەلێکی هەڵبژاردەکەی گووتی '' کاتێک خەریکی ئامادەکردنی درێسەکان بوو، دوای چاپ کردنی چەند ژمارەیەک لەسەر درێسەکان، ئینجا هەستم پێکرد هەڵەیەک روویداوە و نابێت ژمارەکان لەو شوێنە بنوسرێن، بۆیە بۆ یاری داهاتوو ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت و ژمارەکان لە ناوەڕاستی درێسەکان چاپ دەکرێن ''.

ئەو بەرپرسەی هەڵبژاردەی ئینگڵاند گووتیشی ئافەرین بۆ کەسانەی هەستیان بەم هەڵە تەکنیکیەکە کرد، چونکە خۆم بیرم لەوە نەدەکردەوە کەس بەم هەڵەیە بزانێت.