یاریزانێکی پێشووی ئارسێناڵ تووشی نەخۆشیەکی کوشندە بووە

لوکاس پێرێز هێرشبەری ئیسپانی پێشووی یانەی ئارسێناڵی ئینگڵاند و هەروەها یاریزانی ئێستای یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی، تووشی نەخۆشی سیل بووە و بەم هۆیەوە ماوەیەکی زۆر لە یاریگاکان دادەبڕێت.
ماڵپەری فەرمی یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڵاویکردەوە '' یەکێک لە یاریزانەکانی یانەکەمان تووشی نەخۆشی سیل بووە. ئەم یاریزانە باری تەندروستی باشە، هەرچەندە مەترسی گواستنەوەی زۆر کەمە، بەڵام بەپێی پرۆتۆکۆڵە ستانداردەکانی GGD (رێکخراوی تەندروستی گشتی هۆڵەندی) لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکەی دەکرێت. لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی نەخۆشییەکە و شوێنپێهەڵگرتنی بەرکەوتن دەستیپێکرد، هەموو ئەوانەی پەیوەندییان پێوە هەبوو ئاگادارکرانەوە. چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە پێویستەکان بەپێی پرۆتۆکۆڵە ستانداردەکان بەردەوام دەبێت. لە ئێستادا هیچ نیشانەیەک نییە کە نەخۆشییەکە بۆ کەسانی دیکە لە دەوروبەری ئەم یاریزانەدا گوازرابێتەوە ''.
لوکاس پێرێز پێشتر یاری بۆ چەندین یانە کردووە و لەوانەش ئارسێناڵ و وێستهام یونایتد و رایۆ ڤایێکانۆ و هەروەها ئالاڤێس، سەرەتای ئەم ساڵیش گرێبەستەکەی لەگەڵ دیپۆرتیڤۆ لاکەرۆنیا کۆتایی هاتوو و مانگی شوباتی رابردوو، پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ئایندهۆڤنەوە کرد.