کتێبی 'ئەدەب و هونەری منداڵان' چاپ کرایەوە
چاپی دووەمی کتێبی ئەدەب و هونەری منداڵان. لە دیمانە و ئامادەکردنی، د. هاوژین سڵیوە و ڕۆستەم خامۆش، کەوتە نێو کتێبخانەکان.
سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025،نووسەر، ڕۆستەم خامۆش، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کتێبی 'ئەدەب و هونەری منداڵان' سەرچاوەیەکی زۆر باشە بۆ تێگەیشتن لە هەموو بوارەکانی تایبەت بە منداڵان، چونکە لەم کتێبەدا، باس لە (ئەدەب، هونەر، پەروەردە، دەروونزانی، کۆمەڵناسی، ڕۆشنبیری و مافی منداڵان) کراوە، بەڵام ئەدەب و هونەر پشکی زیاتر و سەرەکییان بەرکەوتووە، لە ئەدەب و هونەریش، ئەدەب زیاتر بایەخی پێ دراوە و بووە بە چەقی مەبەست و سەرەکیی، بۆیە ئەم کتێبە کۆکراوەیەکی پڕ لە زانیارییە لە هەموو لایەن و بوارەکانی تایبەت بە منداڵان."
نووسەر دەڵێت: چاپی دووەم، کە (849) لاپەڕەیە و لە سێ بەش پێکهاتووە، لە بەشی یەکەمدا: (22) تەوەری جۆراجۆر لە خۆدەگرێ لە هەموو بوارەکانی تایبەت بە منداڵان.
لە بەشی دووەمدا: (60) کەس لە شاعیران و نووسەران و هونەرمەندان و شارەزایانی بواری ئەدەبی منداڵان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سازكراوە.
گوتیشی: لە بەشی سێیەمیشدا، چەندان بابەت و ڕا و بۆچوون لەبارەی ئەدەبی منداڵان خراونەتە ڕوو، لەگەڵ کۆمەڵێک وتار و پەیڤ و وتەی جوان و بە نرخ لەبارەی کتێبی ئەدەب و هونەری منداڵان.
ڕۆستەم خامۆش ڕاشیگەیاند "لە هەر سێ بەشەکەدا، دید و بۆچوون و دنیابینی (147) شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لەم کتێبەدا بەرچاو دەکەون، کە بریتین لە (188) بابەت و لێدوان و چاوپێکەوتن."