هەڵبژاردەی عێراق دۆڕا و كاساسیش دوورخرایەوە
فەڵەستین بۆ یەكەمجار لە مێژوودا لە عێراقی بردەوە

لە یارییەكانی پاڵاوتنی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی عێراق بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو تووشی شكست بوو، بەمەش ئەوەندەی دیكە ئەركی بۆ گەیشتنی بە مۆندیال ئاڵۆزتر بوو، دواجار بووە هۆی ئەوەی كاساس لە پۆستەكەی دووربخرێتەوە، ئەگەرچی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هێشتا بە فەرمی دوورخرانەوەی كاساسی راینەگەیاندووە.
لە هەشتەمین یاریی لە قۆناغی كۆتایی كۆمەڵەكان، عێراق لەسەر خاكی ئوردن بووە میوانی هەڵبژاردەی فەڵەستین، ئەگەرچی لە كۆتاییەكانی نیوەی یەكەم، عێراق بە گۆڵێكی ئەیمەن حوسێن پێشكەوت، بەڵام لە كۆتاییەكانی نیوەی دووەم فەڵەستین دوو گۆڵی لەسەریەكی تۆمار كرد و ریمۆنتادای بەسەر شێرەكانی رافیدەین كرد و بۆ یەكەمجار لە مێژوودا توانیان لە عێراق ببەنەوە.
راستەوخۆ لە دوای دۆڕانەكەی عێراق، شەپۆلی ناڕەزایی شرۆڤەكاران و یاریزانانی پێشووی عێراق لە سۆشیاڵمیدیا لە دژی خیسۆس كاساس دەستی پێكرد، دواجار بووە هۆی ئەوەی كاساس لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق دووربخرێتەوە.
ئەگەرچی هێشتا فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە فەرمی دوورخرانەوەی خیسۆس كاساسی رانەگەیاندووە، بەڵام بە گوێرەی میدیایەكانی عەرەبی عێراقی لە چەند كاتژمێری داهاتوو لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاری دوورخرانەوەی كاساس و ستافەكەی رادەگەیەنن.



