سعوودییە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا سەرکۆنە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەتوندی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین، بەتایبەتی دواین دەستدرێژیان کە بۆسەر شارۆچکەی کۆیا بوو.

وەزارەتەکە دەڵێت، بە هەموو شێوەیەک ڕەفتارەکانی ئیسرائیل لەناو خاکی سووریا جێگەی قبوڵکردن نییە،کە بووەتە هۆکاری ناسەقامگیریی و دەستدرێژی بۆسەر یاسا نێودەوڵەتییەکان.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە پاڵپشتی شانشینی بۆ گەلی سوریا دووپاتکردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانەی ئیسرائیل و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە سەروەری و سەربەخۆیی دەوڵەتەکان.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە جەخت لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەی سیاسی هەمەلایەنە کراوەتەوە کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدیبهێنێت و کۆتایی بە ئازارەکانی گەلان بهێنرێت.

بەهۆی بۆمبارانکرنەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی کۆیا لە ناوچەی حەوزی یەرموک لە ڕۆژئاوای درعا لە باشووری سووریا لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

ئیسرائیل لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بەردەوام هەڵدەکوتێتە سەر گوندەکانی مەعاریە، جەملە و عەبدین، بە بیانووی گەڕان بەدوای چەکدا ماڵەکانی گەمارۆداوە.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل زۆربەی شوێنە سەربازییەکانی پارێزگای درعای بۆمباران کردووە، لەوانەش کۆگاکانی چەک و وێستگەکانی بەرگریی ئاسمانی و ژێرخانی، لەگەڵ شوێنە سەربازییەکان.