لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هونەرمەندێکی بواری چنینی بەڕە خەڵاتی دیبلۆمی فەخریی پێ بەخشرا

هونەرمەندێکی بواری چنینی بەڕە لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵاتی بەشی سەرەکیی فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی لە تاران بردەوە و دیبلۆمی فەخریی ئەو بوارەی پێ بەخشرا. 

ناهید محەممەدی، هونەرمەندی چینی گلیم بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە نۆیەمین فێستیڤاڵی کارە دەستییەکان بەشداریم کرد، کە نزیکەی حەوت هەزار و 500 پارچەی هونەری کاری دەستی نمایشکرابوون، کە بەرهەمی ناوخۆیی ئێران و وڵاتانی دیکەشی تێدا بوو، بەڵام تەنیا 200 بەرهەمی کارە دەستییەکانی هەڵبژێردران، کە بە خۆشحاڵییەوە لە نێویاندا سێ پارچە لە کارە هونەرییەکانم هەڵبژێردران و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە کۆشکی سەعدئابادی تاران نمایشکران.

ناهید محەممەدی، هونەرمەندی چینی گلیم دەڵێت: لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەشدا لە نێو ئەو 200 پارچە کارە دەستییەکان تەنیا 20 کاری هونەری نایاب دیاری کراون و خەڵاتیان پێدرا، کە بەرهەمە دەستییەکانی منیشی تێدابوو. 
خۆشحاڵم لەم فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەدا بەشداریم کرد کە لە تاوەری میلادی تاران بەڕێوەچوو.

ناهید محەممەدی، هونەرمەندی چینی گلیم ڕاشیگەیاند "پێشنیازی پەرەپێدانی هونەری چنینی بەڕەم بە زانکۆی سلێمانی و پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێردا، بەڵام بە داخەوە هیچ یەکێکیان بەهەندیان وەرنەگرت و بەدەم پێشنیازەکەوە نەهاتن

13 داوەری بەناوبانگی ئێرانی و نێودەوڵەتی لە نێوان 20هونەرمەندی بەشدار لە قۆناغی فیناڵی فێستیڤاڵەکەدا ناوی براوەکانیان ڕاگەیاند و دیپلۆمی فەخریی بەشی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە بە ناهید محەممەدی درا.

ناهید محەممەدی 41ساڵە کاری چنینی گلیمی دووبەری سنە دەکات کە برەندێکی تایبەتی گلیم، یان بەڕەیە و لە ئێران پێگەیەکی تایبەتی هەیە و نرخیشی لە جۆرەکانی دیکەی گلیمی ئێرانی زیاترە.