لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمەکەی بڵاو کردەوە.

چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، سبەینێ پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار دەکرێت و ڕۆژی شەممەش، 29ـی ئەم مانگە، کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دێت.

بە پێی لیستی مووچە کە وەزارەتی دارایی بڵاوی کردووەتەوە، سبەینێ خانەنشینانی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانە سیاسییەکان، بەرکەوتووانی کیمیاباران، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، مووچەکانیان وەردەگرن.

ڕۆژی چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، بڕی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینار وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەو مووچەخۆرانەی لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من"ـەوە مووچە وەردەگرن، ڕاستەوخۆ پارە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و لە ڕێگەی کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێنەوە.

سەبارەت بەو مووچەخۆرانەی کە بە کاش مووچە وەردەگرن، وەزارەتی دارایی، دەڵێت: دوای گواستنەوەی پارە بۆ بانکەکان لە کەمترین ماوەدا، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت.