ناوەرۆكی گرێبەستەكەی كاساس لەگەڵ عێراق ئاشكرا دەبێت
بڕیار لەسەر چارەنووسی كاساس و ستافەكەی دەدرێت

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، هێشتا بڕیاریی كۆتایی لەبارەی دوورخرانەوەی خیسۆس كاساس نەدراوە، ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دابەشبوون بەسەر دوو بەرە، لایەكیان بە سەرۆكایەتی عەدنان درجاڵ لەگەڵ مانەوەی كاساسن، بەڵام لە چەند كاتژمێری داهاتوو لە كۆبوونەوەیەكدا چارەنووسی كاساس و ستافەكەی یەكلایی دەكرێتەوە، پەرلەمانتارێكی عێراقیش ناوەرۆكی گرێبەستەكەی كاساس لەگەڵ عێراق ئاشكرا دەكات.
دوای دۆڕانە مێژووییەكەی عێراق بەرامبەر فەڵەستین، دۆخی شەقامی وەرزشی عێراق وروژاوە، تەنانەت كاریكەری لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتەش كردووە و شەوی رابردوو بەهۆیەوە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە هەڵوەشایەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، عەدنان درجال و ژمارەیەك لە ئەندامەكانی پێیانوایە كاساس بۆ ئەم قۆناغە لەگەڵ عێراق بەردەوام بێت، بەڵام ناتوانێت بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات چونكە فشارێكی گەورەی لە لایەن شەقامی وەرزشی عێراق لەسەرە و داوای دوورخرانەوەی كاساس دەكەن.
ئەمیر مەعموری، ئهندامی لێژنهی وهرزش له پهرلهمانی عێڕاق لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووك كۆپییەكی لە ناوەرۆكی گرێبەستەكەی كاساس لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڵاو كردووەتەوە، بەمەش ئەگەر كاساس دووربخرێتەوە دەبێت نیو ملیۆن دۆلاری پێبدرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە بڵاوی كردووەتەوە، مووچەی ساڵانەی كاساس یەك ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە، بە زمانی بازاڕ ساڵانە كاساس (150) دەفتەر دۆلار وەردەگرێت.
بەپێی ناوەرۆكی گرێبەستەكە، ئەگەر كاساس پێش 2027 دووربخرێتەوە، دەبێت نیو ملیۆن دۆلاری ئەمریكی پێبدرێت، بە واتە (50) دەفتەر دۆلار، جگە لەوەش دەبێت عێراق پارەی سەرجەم ستافەكەی دیكەی كاساسیش بدات، بە پێچەوانەوە ئەگەر كاساس پێش 2027 داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی بكات دەبێت نیو ملیۆن دۆلار بداتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، لە چەند كاتژمێری داهاتوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەكانی بڕیار لەسەر چارەنووسی خیسۆس كاساس و ستافەكەی دەدەن.
خیسۆس كاساس پێشتر لە وەرزی 2014 ـ 2015 وەكو یاریدەدەری لویز ئێنریكی لە بارسێلۆنا نازناوی چامپیۆنزلیگ، لالیگا و سوپەری ئەوروپا و مۆندیالی یانەكان و سوپەری ئیسپانیاشی بەدەستهێناوە.
كاساس لە كۆتاییەكانی ساڵی 2022 ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراقی وەرگرت، لەگەڵ عێراق لە كۆی 33 یاری، 20 بردنەوە، 9 دۆڕان و 4 یەكسانبوونی تۆمار كرد.
