لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژن، خاوەن هۆتێڵ و میوانخانەکان خەریکی ئامادەکارین بۆ پێشوازیی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار

خاوەن هۆتێل و میوانخانەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی ڕەمەزان خەریکی ئامادەکارین  بۆ پێشوازیی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار.
چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەشی زۆری خاوەن هۆتێڵ و مۆتێلەکانی هەولێر لە مانگی ڕەمەزاندا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوە و ڕێکخستنی شوێنەکانیان بوون، بۆ ئەوەی لەگەڵ هاتنی جەژن بەباشترین شێوە پێشوازیی لە گەشتیاران بکەن.
شوکر عەزیز، گوتیشی: زۆرێک لە هۆتێلەکان گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان کردووە، بۆ ڕۆژانی دووەم و سێیەم جەژن.
لەلای خۆیەوە، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ لیژنەکانی سەرجەم پارێزگا و بازگەکان هەماهەنگیی کراوە بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینی دەکەن زۆرینەی گەشتیارەکان و هاووڵاتییانی ناوخۆش سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان و سروشتی کوردستان بکەن.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 470هۆتێل هەن، کە 40هۆتێڵیان پێنج ئەستێرەیین و براندن.