مانگێک زیاترە 11 کەشتی نەوتهەڵگری ئێران لە کەناراوەکانی مالیزیا وەستاون

مانگێک زیاترە ژمارەیەک تانکەری نەوتی هەڵگری ئێران لە کەناراوەکانی مالیزیا پەک خراون و بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی ئەو وڵاتە گشتیی ژمارەی تانکەرە بارهەڵگرەکان 17ملیۆن بەرمیل دەبن.
هەینی، 28ـی ئاداری 2025، راپۆڕتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، ژمارەیەک تانکەری نەوت هەلگری ئێران مانگێک زیاترە لە کەناراوەکانی مالیزیا وەستاون ڕێگەی گواستنەوەیان پەک خراوە.
میدکانی ئێران باس لەوەش دەکەن، کۆی گشتیی ژمارەی تانکەرە بارهەڵگرەکان 17ملیۆن بەرمیل دەبن و لە ڕۆژهەڵاتی مالیزیا جێگیرکراون، کە زۆرجار وەک خاڵێکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی تر ناسراوە.
میدکانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە: ڕەنگە ئەم وەستانە ئاماژەیەک بێت بۆ خاوبوونەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین. بەهۆی فشارە لۆجستی و سزاکانی ئەمەریکاوە.
پێشووتر، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو: ئەو سزایە تۆڕێکی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە کە کاری گواستنەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێران بۆ چین دەکات کە بەهای سەدان ملیۆن دۆلارە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لەسەر هەمان پرس بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: ئەو تۆڕە داهاتی نا یاسایی بۆ سووپای ئێران دابین دەکات، بەوەش هاوکاری گرووپەکانی حەماس و حزبولڵا دەکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەڵێنی داوە هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر لە ڕێگەی زنجیرەیەک ڕێوشوێنەوە، لەوانە سزاکان و شوێنپێهەڵگرتنی تانکەرەکانی هەڵگری نەوتی ئێران.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە واشنتۆن نەیتوانیوە ئاستەنگ لە هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوەی وڵات دروست بکات، ئەمەش دوای بەکارهێنانی سیاسەتی خۆدزینەوە لە گەمارۆکان.