بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژن سبەی ئێوارە لە هەرێمی کوردستان چاودێری مانگ دەکرێت

بڕیار وایە سبەی ئێوارە لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جەژن چاودێری مانگ بکات و پەیمانگای نیشتیمانی فەلەکناسی میسر ڕایگەیاندووە: سبەی کۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزانە لەو وڵاتە.
هەینی، 28ـی ئاداری 2025، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تاوەکوو سبەی ئێوارە هیچ بڕیارێک دەربارەی دیاریکردنی جەژنی ڕەمەزان نادرێ، سبەی ئێوارە لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان لەڕێگای لیژنە لاوەکییەکانییەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان چاودێری مانگ دەکەن.
گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان گوتیشی: هەر کاتێک مانگ بینرا یەکشەممە دەبێتە جەژن، بەڵام ئەگەر نەبینرا دەبێتە تەواوکەری مانگی ڕەمەزان و دووشەممە دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژن.
گوتەبێژی یەکێتی زانایان، جەخت لەوە دەکاتەوە هەر هاووڵاتیەک مانگی بینی دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سنوورەکەی ئاگادار بکاتەوە.
تەها ڕەبەح، سەرۆکی پەیمانگای نیشتیمانی بۆ توێژینەوەی فەلەکناسی ڕایگەیاند: لەڕووی فەلەکییەوە سبەی لە تەواوی میسر مانگ نۆ بۆ 12خوولەک دەمێنێتەوە و ڕۆژی یەکشەممە 30ـی ئاداری 2025، دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.