گەشتوگوزاری هەرێم: جەژنێکی نموونەیی بۆ گەشتیاران دابین دەکەین

 گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ جەژنی ڕەمەزان هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ ئەو گەشتیارانە کردووە کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

شەممە، 29ـی ئاداری 2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند، بۆ جەژنی ڕەمەزان ئامادەکاریمان کردووە بۆ ئەو گەشتیارانەی سەردانی کوردستان دەکەن.

گوتەبێژی گەشتوگوزار دەڵێت: ئامادەکارییەکانمان لەسەر دوو ئاستە، ئاستێکی کەرتی گشتییە واتە حکوومەتی، ئەویش بریتییە لەو هەماهەنگییەی کە دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار هەیە، بۆ نموونە وەزارەتی ناوخۆ، ئاسایشی بازگەکان. ئاسایشی بازگەکان زۆر هەماهەنگ و هاوکارە، هەر لە ئێستاوە بە کەمترین ماوە ڕێکارییەکان بۆ هاتنە ناو هەرێمی گەشتیاران دەکرێن. هاوکات، چەند لیژنەیەکیشمان پێک هێناون بە ئەرک و بەرپرسیارێتی جیاواز کە لە بازگەکاندا ئامادەن.

دەشڵێت: بازگەکان بۆ ئێمە زۆر گرنگن، ئێمە دەمانەوێت هەر لە بازگەکانەوە تێڕوانینێکی ئەرێنی لەلایەن گەشتیار سەبارەت بە هەرێمی کوردستان دروست بکەین، جگە لەوەی تیمەکانمان ڕێبەر و برۆشور و ڕێنمایی گەشتیاری بە گەشتیاران دەدەن و بە گوڵ و شیرینی پێشوازییان لێ دەکەن.

گوتیشی: لەناو ناوەندی شاریش لیژنەکان، بنکە گەشتیارییەکان بەسەر دەکەنەوە، لەپێناوی چاودێریی ڕەوشەکە و ڕەخساندنی کەشێکی ئارام و لەبار.

ئیبراهیم عەبدولمەجید ڕاشیگەیاند "ئاستی دووەم کە ئاستی کەرتی تایبەتە، لەگەڵ کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان کۆ بووینەتەوە، هەماهەنگیمان کردووە کە سەرجەم بنکە  گەشتیارییەکان و چێشتخانە و ڕێستورانتەکان کراوە بن، هەرێمی کوردستان بە کەرتی گشتیی و تایبەتەوە لە ئامادەیی تەواودایە بۆ ئەوەی جەژنێکی نموونەیی  بۆ ئەو گەشتیارانەی دێنە کوردستان، دابین بکات، کە پێشبینی دەکەین ژمارەیان زۆر بێت"