وەزارەتی نەوتی عێراق: لە ماوەیەکی نزیکدا نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرین
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: سەرجەم رێکارە ئیداری و تەکنیکییەکانی تایبەت بە ناردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تەواو بوون و، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا پرۆسەی دابەشکردنی بەسەر ماڵاندا دەستپێدەکات.
شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ ناردنی پشکی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کۆتایییان پێهاتووە و، لە ماوەیەکی نزیکدا پرۆسەی گەیاندن و دابەشکردنی دەستپێدەکات.
سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دابەشکردن لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکووک پرۆسەکە کۆتایی دێت.
گوتەبێژی وەزارەتەکە جەختیشی کردەوە، کە تەواوی هەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ تاوەکو گەیشتنی نەوتی سپی بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەوە زیاتر دوانەکەوێت.