زاخۆ.. هەفتانە گورچیلەی 65 نەخۆش بێ بەرانبەر دەشۆردرێت

 ئێستە 65 نەخۆشی گورچیلە لە زاخۆ، لە شارەکەیان بەبێ بەرانبەر چارەسەریی پزیشکی وەردەگرن و پێویست ناکات بچنە دهۆک. 

د. سیروان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە مهێڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژانە لــە یەکەی شووشتنی گورچیلە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ، گورچیلەی نزیکەی 20 نەخۆش بە بێ بەرانبەر دەشۆردرێت. 

بە گوتەی د. سیروان ئەحمەد، تێچووی شۆشتنی گورچیلەی هەر نەخۆشێک لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بە نزیکەی 180 دۆلارە، لە نەخۆشخانە حکوومییەکانیش، نزیکەی 200 بۆ 300 هەزار لەسەر ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێت.

فشاری خوێن و نەخۆشی شەکرە، دوو هۆی سەرەکیی تووشبوون بە نەخۆشیی گورچیلەن. لە یەکەی شووشتنی گورچیلەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆش، ناوی 65 نەخۆش تۆمار کراوە کە پێویستییان بە شووشتنی گورچیلە هەیە. 

ئەحمەد محەممەد شەریف، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناوە و لەو یەکەیە کار دەکات. بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "ئێمە چارەسەریی ئەو نەخۆشانە دەکەین کە گورچیلەکانیان بە تەواوەتی کار ناکەن یان لاوازن. ڕۆژانە بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو، چارەسەریی پزیشکیی پێشکەشی هەر 65 نەخۆشەکە دەکەین."

پێش کابینەی نۆیەم، نەخۆشانی دانیشووی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ناچار دەبوون بچنە نەخۆشخانەکانی دهۆک تاوەکوو گورچیلەکانیان بشۆن و چارەسەریی پزیشکی وەربگرن، بەڵام لە سەردەمی کابینەی نۆیەم، یەکەیەکی تایبەت بە شووشتنی گۆرچیلە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ کرایەوە و نەخۆشەکان سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن. 

یوونس زیاب، شەش ساڵە تووشی نەخۆشیی گورچیلە بووە. هەفتانە سێ ڕۆژ بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەو یەکەیە گورچیلەکانی دەشوات. ئەو باسی لەوە کرد: "پێش ئەوەی یەکەی شوشتنی گورچیلە لەم نەخۆشخانەیە بکرێتەوە، ناچار دەبووین بچینە دهۆک. لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش تێچووی زۆر گرانە، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئێستە هەم بێ بەرانبەر چارەسەریمان دەکرێت و هەمیش ڕێزێکی زۆرمان لێ دەگیرێت و گرنگیمان پێ دەدرێت."

 
Fly Erbil Advertisment