پارێزگای هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن چەند بڕیارێکی دەرکرد
لە کۆبوونەوەی پارێزگای هەولێر سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ ڕۆژانی جەژن، چەند بڕیارێک دەرکران، لەوانەش دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپێردران بۆ گەشت و سەیرانی هاووڵاتییان ئەوپەڕی ئاسانکاری پێشکەش بکەن.
29ـی ئاداری 2025، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەری پارێزگار، قائیمقامی ناوەندى، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەکان و گەشت و گوزار و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتووچۆ و ئاسایشی بازگەکان و بازرگانی و کاروباری ناوخۆی پارێزگا و بەرگری شارستانی و لایەنی دیکەی پەیوەندیدار ئامادەى بوون، پارێزگاری هەولێر دوای خستنەڕووری پلان و ئامادەکارییەکانی پارێزگا لە ڕۆژانی جەژن و دابەشکردنی ئەرک و کارەکان بەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەستخۆشی لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر و لایەنەکانی دیکەی کرد کە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بە ڕێک و پێکی و بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیەی داڕێژرابوو ئەرکەکانیان جێبەجێکردەوە.
پاشان، سەبارەت بە سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتیی، پارێزگاری هەولێر، هەموو پاڵپشتیەکی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپاتکردەوە و ئاماژەى بەوەدا ، بەهیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک بکرێت سەرپێچی و زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتیی، بە تایبەتى لە ڕۆژانى جەژن و پشووەکان، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم بنکەکانی ئاسایش و پۆلیسی بە هەماهەنگی شارەوانییەکان ڕاسپارد لە ئامادەباشی دابن لە ماوەی ڕۆژانی پشوو و ڕێگە نەدرێت کەسانێک جەژن بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانى سەرپێچى و زێدەڕۆیى.
لە بەشێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزار و قایمقامیەتەکانی ڕاسپارد، هەروەها سەمونخانە و فرن و خواردنگە و چێشتخانەکان لە ڕۆژانی جەژن کراوەبن، لەگەڵ ئەوەشدا ئاسایشی بازگەکانی ڕاسپارد بە هەماهەنگی پۆلیسی هاتووچۆ، لە ڕۆژانی جەژن بۆ گەشت و سەیرانی هاووڵاتییان ئەوپەڕی ئاسانکاری پێشکەش بکەن.
دواتر گفتوگۆ لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بەشێوەیەکى گشتیى كرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، دووپاتی لە چاودێریکردنی چڕ و ووردی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان کردەوە و لێژنەکانی قایمقامیەتى ڕاسپارد لێپرسینەوەی توند لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لە سەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن، و ڕێگە نەدەن کەسانێک جەژنی مانگى پیرۆزی ڕەمەزان بقۆزنەوە و یاری بە بازاڕ بکەن.