تورکیا وادەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ڕاگەیاند

ژمارەیەک وڵات ڕۆژی دووشەممە 31ـی ئاداریان، وەک یەکەم ڕۆژی جەژن دیاریی کرد، بەڵام تورکیا جیاواز لە وڵاتانە سبەینێ 30ـی ئاداری وەک یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دیاریی کرد.
شەممە 29ـی ئاداری 2025، سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینی لە تورکیا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، سبەینێ یەکشەممە 30ـی ئادار یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزە و نوێژی جەژن لە ئەنقەرەی پایتەخت کاتژمێر 7:07 بەیانی دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە سەنتەری نێودەوڵەتیی فەلەکناسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند، خۆر لە مالیزیا و برونای ئاوابووە، جەژنی ڕەمەزانیش ڕۆژی دووشەممە دەبێت، بەو پێیەی ئەمڕۆ 28ـەمین ڕۆژی ڕەمەزانە لەو وڵاتانە.
سەنتەرەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، سبەی یەکشەممە مانگ لەم دوو وڵاتە بە ڕوونی دەردەکەوێت و بە چاو دەبینرێت، هەروەها ئەندەنوسیا و بەنگلادیشیش ڕۆژی دووشەممەیان وەک یەکەم ڕۆژی جەژن دیاریی کرد.
لای خۆیەوە ئەنجوومەنی فەتوای ئوسترالیا، وادەی جەژنی ڕەمەزانی دیاریی کرد و لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کۆتا ڕۆژی ڕەمەزان سبەینێ یەکشەممە واتە 30ـی ئادار دەبێت، دووشەممەش 31ـی ئادار یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزە.