میری ئێزدییان پیرۆزبایی جەژن لە موسڵمانانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات

میری ئێزدییان، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان، پیرۆزبایی لە موسڵمانانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و هیوای خواست جەژن ببێتە مایەی بەرەوپێشبردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان.
شەممە 29ـی ئاداری 2025، حازم تەحسین، میری ئێزدییان لە عێراق و جیهان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ڕووحانی ئێزدییەکان، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی حازم تەحسیندا هاتووە، بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان پیرۆزبایی لە کۆمەڵەگی موسڵمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەم، هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی بەرەوپێشبردنی بەهاکانی ئاشتی، پێکەوەژیان، لێبووردەیی و برایەتی لە نێوان هەموواندا.
میر حازم لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوە کردەوە، ئەو جەژنە ببێتە دەرفەتێک بۆ قبووڵکردنی یەکدی و ڕێزگرتن لە فرەچەشنی وڵاتدا.
جەژنی ڕەمەزان، جەژنی موسڵمانانە و لە یەکەم ڕۆژی مانگی شەوال دەست پێدەکات، ئەمەش دوای تەواوبوونی ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزانە.
یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوان جەژنی ڕەمەزان و قوربان، بریتیە لەوەی؛ کە دەبێت پێش نوێژی جەژنی ڕەمەزان موسڵمانان سەرفترە بدەن و بەسەر موسڵمانە ھەژارەکان دابەشی بکەن.
دوای نوێژی جەژن، موسڵمانان پیرۆزبایی لە ئەندامانی خیزانەکەیان دەکەن و دواتریش سەردانی ناسیاو و خزمە نزیکەکانیان دەکەن، ھەروەھا پێشوازیی لە دراوسێ و ئەو کەسانە دەکەن کە سەردانی دەکەن بۆ گەردنازایی و پیرۆزبایی.