دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنیش ناکۆکی خستە نێو ماڵی سووننە

دوێنێ سعوودیە ڕایگەیاند: 30ـی ئادار یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزە، بەدوای ئەویشدا ژمارەیەک لە وڵاتانی ئیسلامی یەکەم ڕۆژی جەژنیان وەک سعوودیە دیارکرد، لەوانەش میسر کە دوای کەمتر لە کاتژمێرێک لە بڕیارەکەی پاشگەزبووەوە.

 لە عێراقیش دەستەی زانایانی موسڵمانان وەک سعوودیە کردی بە جەژن، وەقفی سوونیش درێژەی بە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دا، بەمەش ناکۆکی کەوتە نێو ماڵی سووننە، بەشێک لە سووننەکان کردیان بە جەژن و بەشێکی دیکە درێژەیان بە ڕەمەزان دا.

سەرباری ئەوەی دوێنێ 29ـی ئاداری 2025، دیوانی وەقفی سووننی بڕیاریدا 30ـی ئادار بکەن بە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بەڵام دوای کەمتر لە کاتژمێرێک، پەشیمان بوەوە و ڕایگەیاند، 30ـی ئادار دەکەن بە درێژەپێدەری مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، بەڵام دەستەی زانایانی موسڵمانانی عێراق کردیە جەژن و پیرۆزبایی لە هاووڵاتییانی عێراق کرد، سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەش پیرۆزبایی جەژنیان لە هاووڵاتییانی عێراق کرد، بەڵام لە بەغدا و موسڵ و ئەنبار و سەڵاحەددین، وێڕای بڕیاری وەقفی سووننی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی سسوننە مەزهەب کە دەرگای مزگەوتەکانیان بەڕوودا داخرا، لەنێو پارک و باخچەکان نوێژی جەژنیان کرد و تەکبیراتی ڕۆژانی جەژنیان کرد، بەمەش جارێکی دیکە، سووننە مەزهەبەکان، وەک پرسە سیاسییەکان، لەسەر دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانیش بووە ناکۆکیان و لەگەڵ یەک ڕێکنەکەوتن.

وەک دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: لە مزگەوتێکی بەغدا نوێژی جەژن و تەکبیراتی جەژن  کرا، لە مزگەوتێکی چەند مەترێک ئەولاتر نوێژی بەیانییەکی دیکەی مانگی رەمەزان کرا.