وەزارەتی کارەبای عێراق: ڕووبه‌ڕووی هاوینێكی سه‌خت ده‌بینه‌وه‌

وەستانی غازی ئێران بۆ عێراق، ئەو وڵاتەی ڕووبەرووی کێشەی کەمی بەرهەمهێنانی کارەبا کردووەتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراقیش دەڵێت: دەبێت جێگرەوەی غازی ئێران دابین بکەین. 

یەکشەممە، 30ـی ئاداری 2025، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوو مانگ زیاترە هەناردەی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق و پارێزگاکانی ناوەڕاست وەستاوە، بڕێک غاز بۆ پارێزگاکانی باشووری عێراق هەناردە دەکرا، کە بڕەکە نۆ ملیۆن مەتری چوارگۆشە بوو، بەڵام ئەو بڕەش پێداویستی پڕ ناکاتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، گوتیشی: وەستانی غازی ئێران، کاریگەریی نه‌رێنی لەسەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کردووە لە عێراق، وەزارەتی کارەبا رێککەوتنێکی لەگەڵ تورکمانستان واژۆ کردووە بۆ ئەوەی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هەمەچەشن بکات.

ئەحمەد مووسا، هه‌روه‌ها گوتی: وەستانی غازی ئێران بووه‌تە هۆی کەمبوونەوەی هەشت هەزار مێگاوات کارەبا لە عێراق، بەرهەمی ئێستای كاره‌بای عێراق 18 هەزارە و پێویستی بە 32 هەزار مێگاواتە، پلانمان هەیە بۆ وەرزی هاوین بگەینینە 28 هەزار مێگاوات و پێویستە جێگرەوەی گازی ئێران دابین بکەین.

پێشووتریش، وەزیری کارەبای عێراق ڕایگەیاندبوو: سزاکانی ئەمەریکا هاوردەکردنی کارەبای عێراق لە ئێران دەگرێتەوە، بەڵام سەبارەت بە غاز ڕوون نییە،  ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر سزاکانی ئەمەریکا هاوردەکردنی غازیش بگرێتەوە، تووشی هاوینێکی گەرم دەبین.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment