دهۆك لە دێربی بادینان كۆتایی بە گومانەكان هێنا
یانەی هەولێریش بەردەوامە لە ئەنجامە خراپەكانی
یانەی زاخۆ لە دوایین خولەك لە دێربی بادینان تووشی شكست بوو بەمەش زاخۆ پێشەنگی خولەكەی لەدەست دا، لە بەرامبەردا دهۆك بەرەو پلەكانی سەرەوە هەڵكشا، لە لایەكی دیكەیشەوە هەولێر تووشی سێیەمین شكستی لەسەریەك بوو.
لە گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەكانی عێراقە، لە دێربی بادینان زاخۆ بووە میوانی یانەی دهۆك، ئەم یارییە لە كاتێكدا بوو شەش یاریی پێشووتری دێربی بادینان بە یەكسانبوون كۆتایی هاتبوو، بۆیە خەریك بوو ئەم یارییەش بە یەكسانبوون كۆتایی بێت، بەڵام لە دوایین خولەكی زیاد كراو كەریم دەروێش تۆپێكی ڕاوەشاندە گۆڵی زاخۆ و بەربەستی یەكسانبوونی شكاند و گومانەكانی لەسەر یەكسانبوونی دێربی بادینان ڕەواندەوە و یارییەكەش بە گۆڵێكی بێوەڵام لە بەرژەوەندی دهۆك كۆتایی هات.
دهۆك ژمارەی خاڵەكانی گەیاندە 37 خاڵ و پلەی حەوتەمی گرت و جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ زاخۆی سێیەم بۆ 12 خاڵ كەم كردەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە هەڵۆیەكانی بادینان پێنج یاریی دواخراوی هەیە.
هەولێر ریمۆنتادای بەسەردا كرا
یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی زەورا لە بەغدا بووە میوانی یانەی كارەبا، سەرەڕای ئەوەی لە نیوەی یەكەم تیپەكەی سەمیر بابۆ بە گۆڵێك پێشكەوت كە لە رێگەی گەیلان لوقمان تۆمار كرا، بەڵام دواتر كارەبا 3 گۆڵی لەسەریەكی كرد و هەولێری تووشی سێیەمین شكستی لەسەریەك كرد.
یانەی هەولێر بەم شكستە بە 32 خاڵ بۆ خانەی سێزدەیەمین دابەزی، یانەی كارەباش بە 31 خاڵ لە خانەی چواردەیەم جێگیر بوو.