عەوادی: سەرۆک وەزیران دەستی لە دیاریکردنی ڕۆژی جەژن نەبووە

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ محەممەد شیاع سوودانی، دەستی لە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز نەبووە.
دووشەممە 31ـی ئاداری 2025 کە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز بوو لە عێراق، ڕۆژی 29ـی ئادار دیوانی وەقفی سوننی عێراق بڵاوی کردەوە، 30ـی ئادار یەکەم ڕۆژی جەژنە، بەڵام هەر زوو لە فەتواکەی پەشیمان بووە و ڕایگەیاند: ڕۆژی 31ـی ئادار جەژنە، لەگەڵ ئەوەی دەستەی زانایانی موسڵمانانی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی 30ـی ئادار یەکەم ڕۆژی جەژنە، بەمەش سوننە مەزهەبەکان بەشێکیان کردیانە جەژن و بەشێکی دیکەشیان درێژەیان بە مانگی ڕەمەزان دا، ئەو فەتوا دژ بە یەکانەی دامەزراوە شەرعی و ئاینییەکانی عێراق لەبارەی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بووە جێی سەرنج و ڕەخنەی خەڵکێکی زۆر کە پێیان وابوو فەتواکە لەبری ئەوەی شەرعی و ئاینی بێت، فەتوایەکی سیاسی بووە، هەندێکیشیان پێیان وابوو سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی بڕیاریداوە 31ـی ئادار بکرێتە جەژن، بۆیە گوتەبێژی حکوومەتی عێراق باسم عەوادی هەر ئەمڕۆ ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیرانی عێراق هیچ دەستی لە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان نەبووە، نیگەرانی خۆیشی نیشاندا لەوەی هەندێک لە سیاسییەکان دەیانەوێت دامەزراوە ئاینییەکان بخەنە نێو تۆڕی ململانێ و ئاڵۆزییەکانی نێوان بۆ کۆکردنەوەی خەڵکی زیاتر و وەرگرتنی پلە و پۆست.
عەوادی گوتی: سەرۆک وەزیران کاردەکات بۆ ئەوەی مافی تەواو بە دامەزراوە ئاینییەکان بدرێت لە بوارەکەی خۆیان کار بکەن و خۆیشی پشتیوانی تەواویان لێدەکات، ئەوەش ڕێزگرتنە لە پیاوانی ئاینی و ئەوانەی لە فیقهی ئیسلامی شارەزان و لە دامەزراوە شەرعییەکانن، هەر ئەوان پەیوەستن بە دیاریکردنی ڕۆژانی جەژن و بابەتە شەرعییەکان.