بی پی: یەدەگی نەوتی کەرکووک پێنج ملیار بەرمیلە

کۆمپانیای بی پی بەریتانی بۆ وەبەرهێنانی نەوت ئاشکرای دەکات، یەدەگی نەوتی کەرکووک پێنج ملیار بەرمیلە و بەمزووانە لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکە دەست بە وەبەرهێنان دەکاتەوە.

کۆمپانیا بەریتانییەکە دوای تازەکردنەوەی گرێبەستی کار و وەبەرهێنانەوە لە کەرتی نەوتی باکوور، ڕاپۆرتی لەسەر قەبارەی یەدەگی نەوتی کەرکووک بڵاوکردووەتەوە کە پێنج ملیار بەرمیل نەوتە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بی پی لە ساڵانی 2014 تاوەکوو 2017 بەهۆی شەڕی داعشەوە گرێبەستی کارکردنی لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دواخست، بەڵام ئێستا ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق کردووە بۆ ئەوەی لە ماوەی کورت و نزیکدا دەست بە وەبەرهێنانەوەی نەوت بکاتەوە.

هەروەها ڕایگەیاندووە، دوای نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، دەست بە بەرهەمهێنانەوەی نەوت دەکات و ڕۆژانەش 450 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 

بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنە تازەیەی کۆمپانیا بەریتانییەکە و حکوومەتی عێراق، لە قۆناغی یەکەمدا بی پی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز بە بڕی زیاتر لە سێ ملیار بەرمیل نەوت دەگرێتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment