بازاڕی برنجی ئاکرێ گەرمە
لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بازاڕی برنجی کوردیی ئاکرێ، گەرم بووە. ئاشەوانێک دەڵێت: برنجەکە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش دەکرێت.
محەممەد کەریم، بازرگانە، یەکێکە لەوانەی ساڵانە برنجی خۆماڵیی ئاکرێ دەکڕێت و بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هاتووم یەک تۆن برنجی شەش مانگیی ئاکرێ بکڕم و دواتر بە ژمارەیەک خواردنگەی سلێمانی دەدەم. لە داهاتوودا بە ژمارەیەک خواردنگەی هەولێر و دهۆکیش دەدەم، چونکە خواستێکی زۆری لەسەرە."
نرخی هەر کیلۆیەک برنجی خۆماڵیی ئاکرێ بە پێی جۆر و کواڵێتییەکەی دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی لە نێوان سێ بۆ پێنج هەزار دینارە و لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزانیش، ئێستە بە شێوەیەکی بەرچاو دەفرۆشرێت.
مستەفا سورچی، ئاشەوانێکی دانیتشووی ئاکرێیە و بە گوتەی خۆی "لەبەر هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان و هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران، خواستێکی زۆر لەسەر برنجی خۆماڵیی ئاکرێ هەیە. ئەم برەنجەمان هەناردەی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکرێت. تەنانەت هەناردەی دەرەوەی وڵاتیش دەکرێت."
لە سەرەتا و ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک، دروێنەی برنج لە سنووری قەزای ئاکرێ دەست پێ دەکات، ئەمەش لە دوای ئەوەی لە مانگی نیسان و ئایار دەچێنرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، ساڵی ڕابردوو، 12 هەزار تۆن برنجی خۆماڵی لە سنووری قەزاکە بەرهەمهێنراوە کە خۆی لە شەش جۆر دەبینێتەوە: شەش مانگی، تەحالف، کەس نەدیتی، سەدری، بوندار و میسری.
برنجی خۆماڵیی ئاکرێ، بە ڕەنگ، قەبارە و تامە جیاوازەکەییەوە، سەرنجی خەڵکی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و ساڵ بە ساڵ خواستی هاووڵاتییان و گەشتیاران لەسەری زیاتر دەبێت. زیادبوونی ڕێژەی بەرهەمهێنانی برنجی خۆماڵیش، وای کردووە، کەمتر خەڵك برنجی هاوردەکراو بکڕن.