بارسێلۆنا بۆ یارییەكەی ئەمشەو چەكە قورسەكانی بۆ گەڕاوەتەوە
بارسێلۆنا بۆ سێیەمجار لەم وەرزە رووبەڕووی ئاتڵێتیكۆ مەدرید دەبێتەوە
بارسێلۆنا دوای یەکسانبوونەکەی یاری چوونی قۆناغی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە یاریگای خۆی، ئەمجارەیان لە یاری گەڕانەوە و لە مەدریدی پایتەخت رووبەڕووی ئاتڵێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە، لەم یارییە براوەی هەردوو یانە بە هەر ئەنجامێک بێت، سەردەکەوێت بۆ یاری کۆتایی. هەردوو یانە ئەمساڵ سێیەمجاریان رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، لە دوو یاری رابردوویان، رۆخێ بلانکۆس نەیتوانیوە لە بارسا بباتەوە.
ئەمڕۆ كاتژمێر 22:30 لە یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ ئاتڵێتیكۆ مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێشكۆتایی جامی شای ئیسپانیا میوانداریی بارسێلۆنا دەكات.
بارسێلۆنا یاری چوونی پێشکۆتایی جامی شا نەیتوانی سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت و بەرامبەر رکابەرەکەی یەکسانبوو، بۆیە ناچارن ئەمجارەیان لە یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەیان بدەن.
یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا دوایینجار ساڵی 2017 لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا، رووبەڕووی یانە مەدریدییەکە بووەوە، ئەو کاتە لە دەرەوەی یاریگای خۆیان براوە بوون و لە یاری گەڕانەوە لە یاریگای خۆیان یەکسانبوون و سەرکەوتن بۆ یاری کۆتایی.
هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ئاتڵێتیکۆ مەدرید ئەمساڵ واتە 2025 جاری سێیەمە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، دوو یاری رابردوو یەکەمیان لە یاری چوونی قۆناغی پێشکۆتایی جامی شا بوو، یاری دووەمیش لە گەڕی 28 لالیگا بوو کە بارسێلۆنا بردنەوەیەکی گەورە و گرنگی بەدەستهێنا.
بلاوگرانا بێجگە لە جامی شای ئیسپانیا، لە لالیگا و چامپیۆنزلیگیش یەکێکە لە پاڵێوراوە سەرەکیەکان بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە، ئەوان لە لالیگا پێشەنگن و هەروەها لە چامپیۆنزلیگیش، سەرکەوتوون بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی.
لە یاری رابردووی بارسێلۆنا کۆبارسی بەرگریکاری بەهۆی پێکان یاری نەکرد، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر بۆ ئەم یارییە دەگەڕێتەوە، هەروەها هەر یەکە لە رافینها و ئاراوخۆ بەهۆی گەشتە دوور و درێژەکەیان یارییان نەکرد، ئەوانیش بۆ ئەم یارییە بەردەست دەبن.