سیمیۆنی دەیەوێت بۆ دووەمجار لەم وەرزە شكست بە بارسێلۆنا بێنێت
ئاتڵێتیکۆ 12 ساڵە نەیتوانیوە ببێتە پاڵەوانی جامی شا، دوایینجار ساڵی 2013 بوو، لەو کاتەوەش نەگەیشتووەتە یاری کۆتایی جامەکە
دوایین یانە کە توانیوبێتی بارسێلۆنا تووشی دۆڕان بکات، ئاتڵێتیکۆ مەدرید بوو لە گەڕی 29ـی لالیگا و لە یاریگای ئەو یانەیە، رۆخێ بلانکۆس هەرچەندە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بەرامبەر بارسا دۆڕاوە، بەڵام دەیەوێت جارێکی دیکە رکابەرەکەی تووشی دۆڕان بکات، ئەمەش لە كاتێكدایە ئاتڵێتیکۆ نزیکەی 12 ساڵە نەیتوانیوە ببێتە پاڵەوانی جامی شا، دوایینجار ساڵی 2013 بوو، هەر لەو کاتەوەش نەگەیشتووەتە یاری کۆتایی جامەکە.
ئەمڕۆ كاتژمێر 22:30 لە یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ ئاتڵێتیكۆ مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێشكۆتایی جامی شای ئیسپانیا میوانداریی بارسێلۆنا دەكات.
103 رۆژ بەسەر دوایین دۆڕانی بارسێلۆنا تێدەپەڕێت، ئەوکاتە ئاتڵێتیکۆ مەدرید توانی ئەو کارە بکات، هاندەرانی یانە مەدرییەکە بەو هیوایەن، یاریزانەکانیان ئەمجارەشیان رکابەرەکەیان تووشی دۆڕانێکی دیکە بکەن و لەسەر دەستی ئەوان، سەرکەون بۆ یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا.
ئاتلێتیکۆ مەدرید 12 ساڵە نەیتوانیوە ناسناوی جامی شای ئیسپانیا بەدەست بهێنێت، دوایینجار ساڵی 2013 ناسناوەکەی بەدەستهێنا و لە یاری کۆتایی، توانی لە ریاڵ مەدرید بباتەوە، هەروەها ئەو یانەیە لەو کاتەوەش نەیتوانیوە سەرکەوێت بۆ یاری کۆتایی.
لێدوانەكانی سیمیۆنی راهێنەری ئاتڵێتیكۆ لەبارەی یارییەكەی ئەمشەو:
''زۆر کەس پێیانوایە چانسی ئاتڵێتیکۆ مەدرید بەرامبەر بارسێلۆنا کەمە بۆ بردنەوە، پەیامی منیش بۆ ئەو کەسانە ئەوەیە، رێز لە بۆچوونەکانتان دەگرم. تیپێک کە هەوڵ بدات هەرگیز شکست ناهێنێت. بە بڕوای من تا ئێستا وەرزەکەمان زۆر باش بووە، ئێمە لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیاین و ئەنجامی یارییەکانی داهاتوو، کوالیتی وەرزەکەمان دیاری دەکات. راستە ئەوان ئەم وەرزە ئاست و ئەنجامیان باشە، بەڵام ئێمەش لە بارودۆخێکی باشداین و هەموو ئامانجیشمان بردنەوەیە''.
ئاتڵێتیکۆ لەوەتەی دوایینجار بووەتە پاڵەوانی جامی شای ئیسپانیا واتە ساڵی 2013، سێجاری دیکە گەیشتووەتە قۆناغی پێشکۆتایی جامەکە، بەڵام هەرگیز سەرکەوتوو نەبووە لە گەیشتن بە یاری کۆتایی، ئاتڵێتیک بلباو و بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید رێگریان لێکردووە.
لە ریزەکانی یانەی ئاتڵێتیکۆ مەدرید، تەنها خوان کۆریا بەهۆی سزادانی بەشداری ئەو یارییە ناکات، بێجگە لەو یاریزانە سەرجەم یاریزانەکانی دیکە ئامادەن، هەروەها وەکو یارییەکانی رابردوو، یان ئۆبلاکی گۆڵپارێزی یەدەگ دەبێت و لە شوێنی ئەو خوان مۆسۆ بەشداری دەکات.