بەهۆی سەپاندنی باج لەلایەن ترەمپەوە ئەپڵ زیانێکی زۆری بەرکەوت

کۆمپانیای ئەپڵ کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیای تەکنەلۆجیای جیهان ڕایگەیاند: بەهۆی سەپاندنی باج لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
هەینی، 4ـی نیسانی 2025، دوای ڕاگەیاندنی باج لەلایەن ترەمپەوە، کۆمپانیای ئەپڵ بەهای بازاڕی 314 ملیار دۆلاری لەدەستدا، پشکەکانی لە وۆڵ ستریتدا بەڕێژەی 9% دابەزینیان بەخۆوە بینی، لەگەڵ دابەزینی زیاتر لە نرخی پشکەکاندا. بەگوێرەی ڕاپۆرتی بلومبێرگ، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی، دەوڵەمەندەکانی جیهان 208 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە.
ئەم دابەزینە بەرچاوە لە ئەنجامی کاردانەوەی بەهێزی بازاڕ بوو، بەتایبەتی کاریگەری لەسەر کۆمپانیا گەورەکانی دیکەی تەکنەلۆژیا هەبوو، کە پێیان دەگوترێت "حەوت سەرەکی".
سەپاندنی باج لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە گەورەترین کاریگەری لەسەر ئەپڵ هەبووە بەتایبەتی بەسەر دامەزراوە بەرهەمهێنانەکانی دەرەوەی وڵاتدا سەپێنراوە. چین کە 85%ی ئایفۆنەکانی تێدا دروست دەکرێت، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. ترەمپ زیادکردنی باجی هاوردەکردنی لە چینەوە لە 34% بۆ 54% ڕاگەیاند، ئەمەش تێچووی بەرهەمهێنانی بۆ ئەپڵ و کۆمپانیاکانی دیکەی تەکنەلۆژی زیادکرد. جگە لەوەش باجەکان بۆ ناوەندە گەورەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە دەگونجێت، وەک ڤێتنام (46%) و هیندستان (26%).