زاخۆ بووە یەكەمین یانە لە ماوەی 9 وەرزی رابردوو ئەم ریكۆردە تۆمار بكات
شورتە ئەم وەرزە 2 یاریی دۆڕاندووە، هەردوو دۆڕانەكەی بەرامبەر زاخۆ بووە
لە گەڕی 26ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی زاخۆ لەبەردەم زیاتر لە 35 هەزار هاندەر میوانداریی یانەی شورتەی پاڵەوانی 3 وەرزی ڕابردووی خولی ئەستێرەكانی عێراقی كرد، لەم یارییەدا عەلی كازم، گۆڵپارێزی زاخۆ ئاستێكی سەرسوڕهێنەری تۆمار كرد و بە پیاوی یارییەكە دیاری كرا.
لە خولەكی 20 ئیچیتا دیپۆتی گۆڵی پێشكەوتنی زاخۆی تۆمار كرد، لە كۆتاییەكانی یارییەكەش ئەمجەد عەتوان گۆڵی دووەمی بۆ زاخۆ كرد و بە تەواوەتی شورتەی چەك كرد و یارییەكەش بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە بەرژەوەندی كوڕانی خابوور كۆتایی هات، ئەمەش دووەمین شكستی ئەم وەرزەی یانەی شورتە بوو هەردوو شكستەكەشی بەرامبەر زاخۆ بووە.
زاخۆ بووە یەكەمین یانە لە ماوەی 9 وەرزی ڕابردوو بتوانێت لە هەمان وەرز لە یاریی چوون و گەڕانەوە شكست بە شورتە بێنێت، دواینجار یانەی مینا لە 2015 ئەم ڕیكۆردەی تۆمار كرد و بە هەمان شێوەی زاخۆ لە یاریی چوون و گەڕانەوە لە شورتەی بردەوە.
زاخۆ بەم سەركەوتنە بە كۆكردنەوەی 52 خاڵ گەڕایەوە لووتكەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، لە بەرامبەردا یانەی شورتە بە 50 خاڵ بۆ خانەی سێیەم دابەزی و دوو یاریی دواخراویشی هەیە.