سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە هۆڵەندا توڕەیی و  ناڕەزایی لێ کەوتەوە

پاش ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ئەدوین ڤاغینسفیلد، گوتەبێژی بزووتنەوەی بێغیدای ڕاستڕەوی توندڕەو، قورئانی پیرۆزی لەبەردەم شارەوانیی ئەمستەردام سووتاند، شەپۆلێکی توڕەیی و ناڕەزایی و سەرکۆنەکردنی توندی لێ کەوتەوە.
ئەدوین ڤاغینسفیلد، کە بە توندڕەوی و ڕەگەزپەرستی و دژە ئیسلام ناسراوە و ئەو ڕەفتارەی لە سووتاندنی قورئانی پیرۆز کە توڕەیی و ناڕەزایی توندی بەدوای خۆیدا هێنا، دەڵێت: بەرامبەر سووتاندنی ئاڵای ئیسرائیل، قورئانی سووتاندووە، کارەکەشی کاردانەوەی فراوانی لەنێوەندە سیاسییەکان و کۆمەڵایەتییەکانی هۆڵەندا لێ کەوتەوە.
ئیسماعییل عەباسی، ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا ڕووداوی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی بەوە وێنا کرد کە، نیشاندانی هەستی ڕق و کینەیە. دەشڵێت: سووتاندنی قورئانی پیرۆز هێرشە بۆ سەر شکۆی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە هۆڵەندا.
لەلایەکی دیکەوە، وێنەگری ڕۆژنامەوانی هۆڵەندی ئانێت دی غراف، ئەو ڕەفتارەی ئەدوین ڤاغینسفیلدی بە ترسنۆکانە وەسف کرد، دەشڵێت: پێویستە شارەوانیی ئەمستەردام بەرپرسیارەتیی ئەوە بخاتە ئەستۆی خۆی کە ئاسانکاری بۆ ئەو کارە  کردووە.
ئەو وێنەگرە ڕۆژنامەوانییە داوای لە سەرۆکی شارەوانیی ئەمستەردام، فێمکە هالسێما کرد، ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی ئەو ڕووداوە بدەن، چونکە پێشتر ڕوونکردنەوەی لەسەر سووتاندنی ئاڵای ئیسرائیل دابوو.
ئانێت دی غراف، ئاماژە بەوە دەکات، ئەوە کاری یەکەمجاری ئەدوین ڤاغینسفیلد نییە، پێشتر ڕایگەیاندبوو، نیازی ئەوەی هەبووە خۆپیشاندانێک لە 8ـی مارسی ڕابردوو لە شاری ئارنهیم بەناونیشانی(ئیسلام لە نازییەکان باشتر نییە) بکات، دەیویست ئەو کارە پێشی دادگاییکردنەکەی بکات کە بڕیارە بەچەند تۆمەتێک دژی ڕێک بخرێت.