ئاگرین دڵشاد 'ڕۆژێک دێت'ـی بڵاو کردەوە
دوای زیاتر لە پێنج ساڵ کارکردن تێیدا، هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئاگرین دڵشاد، نوێترین بەرهەمی خۆی بە ناوی 'ڕۆژێک دێت' بڵاو کردەوە.
هونەرمەند ئاگرین دڵشاد، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڤیدیۆکلیپی ئەم بەرهەمە نوێیەم یەکجار سەرنجڕاکێشە و چوار چیرۆکی جیاواز لەخۆ دەگرێت کە باس لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و پەنجە دەخاتە سەر کۆمەڵێک نیگەرانیی کۆمەڵایەتی و وەبیرمان دەهێنێتەوە کە بەهای ئەو کەسانە بزانین کە هێشتا لە ژیانن و لەگەڵمانن و قەدری ئەو کاتە بگرین کە لەگەڵ یەکتردا هەمانە."
ئەو هونەرمەندە کوردەی شاری کەرکووک، باسی لەوەش کرد "کارکردن لەم بەرهەمە ئاسان نەبووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی چەندان ساڵ بخایەنێت. لە ڕووی میوزیکەوە، بەرهەمێکی هێندە دەوڵەمەندە کە زۆرترین ئامێری میوزیکی تێدا بەکار هاتووە و ئەمەش وایکردووە، دابەشکردنی میوزیکەکەی ورد بێت کە بەشێکی زۆری لەلایەن منەوە دابەش کراوە. هەتا لە ژەنینی دوو ئامێریشدا خۆم بەشدارم. ئەمەش بێجگە لەوەی باشترین ژەنیار تێیدا بەشدار بوون و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئۆرکێسترای نیشتمانیی سیمفۆنی چیک. هەروەها ئاواز و هۆنراوەکەشی لەلایەن خۆمەوە نووسراوە."
بۆ بینینی ڤیدیۆ کلیپەکە: کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە